وەزیری کارەبای هەرێم ئاشکرایکرد، لە کۆتایی ئەمساڵدا پرۆسەی بە تایبەتکردنی دابەشکردنی کارەبا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەوەش هۆکارێک دەبێت بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی کارەبا.
کەمال محەمەد، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دوێنێ 1ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند، “دوای بە تایبەتکردنی دابەشکردنی کارەبا 70%ی کارمەندەکان هەر کارمەندی حوکمی کارەبان و دەستبەرداری کارمەندانی کارەبا نابن”.
لەسەر پرۆسەکە وەزیری کارەبای هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەم پرۆسەیە سەرەڕای ئەوەی نرخی کارەبا زیاد ناکات، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی سەرپێچی و بەفیڕۆدانی کارەبا لە هەرێم”.
وەزیری کارەبا نەیشاردووەتەوە کە ئەگەر دابەشکردنی کارەبا بدرێتە کەرتی تایبەت ئەوا بەڕێوبردن و خێرایی لە کارکردندا زیاتر دەبێت لە ئێستا.
حکومەتی هەرێم دەیەوێت دابەشکردنی کەرتی کارەبا بداتە کەرتی تایبەت تا لەو ڕێگەیەوە بتوانێت، بەفیڕۆدانی کارەبا و شێوازی دابەشکردن و وەرگرتنەوەی پارەکەی لە ڕێگای کەرتی تایبەتەوە ئەنجام بدرێت.