جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، پشتیوانیی نەتەوەیەكگرتووەكانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق دەربڕی.
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی كانونی دووەم لە بەغداد بەڕێوەچوو، پلاسخارت ڕایگەیاند، “كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان چەندین ئاڵنگاری هاتووەتەپێش، بەڵام توانی تێیانبپەڕێنێت.”
وتیشی، “نەتەوەیەكگرتووەكان جێگەی كۆمسیۆن ناگرێتەوە، بەڵكو پشتیوانی لێدەكات و تا ئێستا لەڕووی هونەرییەوە پشتگیریی كۆمسیۆنی كردووە. رۆڵی نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەڵبژاردنەكاندا بەردەوام دەبێت و چاودێر دەبێت.”
نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق ئاشكریكرد كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ماوەی تۆماركردنی ناوی قەوارەكانی درێژكردووەتەوە و وتی، “لەم بارودۆخەی ئێستادا، هەڵبژاردن ئاڵنگارییەكی گەورە دەبێت بۆ عێراق.”