وەزارەتی دارایی: دەستگیرا بەسەر ژمارەیەک موڵکی کۆمپانیای نالیا و چاڤی

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لەسەر داوای وەزارەتەکە، دەستگیرا بە سەر ژمارەیەک موڵکی کۆمپانیای نالیا و چاڤی.

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی داراییدا هاتووە، پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆکایەتیی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان و دەستەی شارستانیی تێهەڵچوونەوە، ژمارە ( 90 / دەستەی شارستانیی تێهەڵچوونەوە / 2021 / راستکردنەوە ) لە رێکەوتی 20ـی 10ـی 2021، تایبەت بە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا، لە بەرژەوەندیی وەزارەتی دارایی و ئابوری و، ئاماژە بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی ژمارە (2024/684) لە رێکەوتی 22ـی 9ـی 2024، تایبەت بە دانانی نیشانەی گلدانەوە (حیجز) لەسەر سەرجەم موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا و کۆمپانیای چاڤی.

دەشڵێت، ئاماژە بە بڕیاری داگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی ژمارە (732/پ/2024) لە رێکەوتی 26ـی 11ـی 2024، تایبەت بە راستاندنی بڕیاری ئاماژەبۆکراوی جێبەجێکاری داد لە سلێمانی، لە بەرژەوەندیی وەزارەتی دارایی و ئابوری و، رەتکردنەوەی تانەی پێداچوونەوەی کۆمپانیای نالیا.

وەزارەتی دارایی و ئابوری لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی ناوبراو، هەڵدەستێت بە فرۆشتنی موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی کە ژمارەیان 60 موڵکە و پێکهاتووە لە چەندین پارچەزەوی، هۆتێل، کافتریا، کابینەی گەشتیاری و هتد.. کە پێشتر دەستیبەسەرداگیراوە بەمەبەستی وەرگرتنەوەی سەرجەم قەرز و سوودە کەڵەکەبووەکانی، کە لەئێستادا گەیشتووەتە بڕی 91 ملیار و 760 ملیۆن و 66 هەزار و 350 دینار.

وەزارەتەکە ئاماژە بەوەشدەکات، لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، لەسەر راسپاردەی وەزیری دارایی بەشێوەی چڕوپڕ کار لەسەر ئەو دۆسیەیە کراوە، دواجار لە ساڵی 2021، دوای بردنەوەی دۆسیەیەکی یاسایی لە کۆمپانیای نالیا لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری و ئەنجامدانی سەرجەم رێکارەکان، لەلایەن لیژنەیەکەوە چوار پارچەزەوی دانرابوو بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا بفرۆشرێت، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو پارچەزەوییانە لە بنەڕەتدا بۆ سەوزایی و خزمەتگوزاری تەرخانکراون و ناتوانرێت رەگەزەکانیان بگۆڕدرێت و بخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە، هەروەها خەمڵاندنێکی نادروست بۆ نرخەکانیان کرابوو و رێگریی یاسایی هەبوو بۆ فرۆشتنیان، بۆیە بە بڕیاری وەزیری دارایی و ئابوری، سەرجەم پڕۆسەکە راگیرا و جارێکی دیکە لەلایەن تیمێکی پسپۆڕەوە، کار لەسەر دۆسیەکە کرایەوە و سەرجەم ئەو موڵکانەی کە شایستەی فرۆشتنن، نیشانەی گلدانەوەیان خرایەسەر.

ئەوەش هاتووە، دواجار لەسەر داوای (بانکی سلێمانی یەک) سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتمان و دوای چەندینجار ئاگادارکردنەوەی کۆمپانیای نالیا بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکان و پابەندنەبوونی لایەنی پەیوەندیدار، وەزارەتمان بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت لە رێگەی زیادکردنی ئاشکراوە، سەرجەم ئەو موڵکانە بفرۆشێت کە نیشانەی گلدانەوەیان خراوەتەسەر و داواکارین هەرکەس و لایەنێک ئارەزوومەندە بەشداری لەو زیادکردنەدا بکات، دوای بڵاوبوونەوەی ئاگادارییەکە لە رۆژنامەی رەسمی، دەتوانێت رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان جێبەجێبکات و بەشداری لە پڕۆسەکەدا بکات.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەزارەتی دارایی لەبارەی موچەی چەند فەرمانگەیەکەوە ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لەسەر موچەی بەڕێوبەرایەتییەکانی بەنداوەكانی هەرێم و رەگەزنامەی هەرێمی كوردستان ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە. ڕونکردنەوەکانی وەزارەتی…
زیاتر ببینە

دوو تۆمەتبار دەستگیرکران کە بۆ ماوەی دوو ساڵ دزیان لە فرۆشگایەک کردووە

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردەوە، دوو تۆمــەتبار دەستگیرکراون کـە سێ ساڵە بــە بــەردەوامی دزیــان لـــەفرۆشگـای خوێــندنگـایەكی ناو رانیە کـردووە.…
Total
0
Share