پەرلەمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی عێراق داوای “یەك لیستی” دەكات

پەرلەمانی كوردستان بەنیازە لەگەڵ حزبە كوردییەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەماهەنگی بكات، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی عێراق كورسییەكانی ئەو ناوچانە لەدەست نەدەن و پێشنیازی “یەك لیستی”یش دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ی كانونی دووەم، لە نێو پەرلەمانی كوردستان لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەگەڵ بەرپرسی دەزگاكانی هەڵبژاردنی حزبە كوردییەكان كۆدەبنەوە.

لەوبارەیەوە، مەلا ناسڕ، بڕیاردەری لیژنەكە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “وەك لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان بە ئامادەبوونی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ بەرپرسی هەڵبژاردنی هەموو حزبە سیاسییەكانی هەرێم ئەمڕۆ كۆبوونەوەمان دەبێت”.

مەلا ناسڕ ئەوەشی خستەڕوو، “لەو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردن لە هەرێم و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دەكەین، بۆ ئەوەی شێواز و میكانیزمی هەڵبژاردنی ئەمجارە تاووتوێ بكرێت”.

“هەڵبژاردنی ئەمجارە هاوشێوەی پێشوو نییە، هەروەها لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا ڕەنگە كورد دەسەڵاتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نەبێت، بۆیە پێویست دەكات كورد بە یەك لیستی و یەكگرتووی بچێتە هەڵبژاردنەوە و كەسی باش كاندید بكات، بۆ ئەوەی ئەو كورسییانەی پێشتر هاتوون لەدەستی نەدەین”، بڕیاردەری لیژنەكەی پەرلەمان وای وت.

ئاماژەی بەوەشكرد، “دەمانەوێت لەوەش تێبگەین بەرنامەی ئەو حزبانە چییە و دواتر ئێمەش ڕای خۆمان دەڵێین، بەڵام دەمانەوێت ئەمجارە كورد بە یەك لیستی بەشدار بێت نەك فرە لیستی”.

بڕیاربوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا ئەنجامبدرایە، بەڵام دواتر دواخرا بۆ مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ و تا ئێستا گومان دەكرێت لەو كاتەشدا ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوەبچێت.

بابەتی پێشتر

نرخی دۆلار جێگیرە

بابەتی دواتر

شاندێكی باڵای وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم سەردانی توركیا دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share