بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و رێککەوتنیان کردووە.
عەلی نزار، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوە کردووە، ”کۆمپانیاکەمان هەموو ئامادەکارییەکانی تەواوکردووە و گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکان ئەنجامداوە، بەتەواوی ئامادەکاریی کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمەوە هەرکاتێک کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەر لە هەرێم دەستیانکرد بە گەیاندنی ئەو بڕە بەرهەمە”.
سەبارەت بە بوونی قاچاخچێتیی نەوت لە بەندەرەکانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، ”ئەو قسانەی باس لە بوونی ئەو شوێنانە دەکەن کە رێگە بە قاچاخچێتیی نەوتی عێراق دەدەن و لەگەڵ نەوتی وڵاتانی دراوسێدا تێکەڵیان دەکەن، درۆیە”.
روونیشیکردەوە، ”هیچ ئۆپەراسیۆنێکی تێکەڵکردن یاخود قاچاخچێتی لەناو بەندەرەکانی عێراق یاخود لە رێگای وشکانی بوونی نییە، هیچ بەڵگەیەک لە هیچ دەزگایەکی نێودەوڵەتییەوە نییە کە بوونی ئەو جۆرە قاچاخچێتییە پشتڕاست بکاتەوە، هەموو ئەو دەنگۆیانە ناڕاستن و هیچ بنەمایەکی زانستییان نییە”.