بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێم رایدەگەیەنێت، 83%ـی دانیشتووانی هەرێم فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراکیان پڕکردووەتەوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای گفتوگۆیەکی چڕ لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق، وەزیری بازرگانیی عێراق رەزامەندیی دەربڕی لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی خۆتۆمارکردن و نوێکردنەوەی پسوڵەی خۆراک بە شێوازی ئەلیکترۆنی تاوەكو 25ـی 8ـی 2025 بەبێ بەرامبەر، دوای ئەو وادەیە، رێکاری دیکە وەردەگیرێت بۆ قۆناغی دووەم.
ئاماژەی بەوەشکرد، رێژەی بەشداریکردن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، 83% بووە کە لە هەڵەبجە 88%ـی تێپەڕاندووە و لە سلێمانی 83%ـی تێپەڕاندووە و لە هەولێر 84%ـی تێپەڕاندووە، لە دهۆکیش 79%ـی تێپەڕاندووە.
دەشڵێت، بەپێی ئەو داتایانە، پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی زۆر زیاتر بەشدارییان لەم پرۆسەیەدا کردووە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بۆیە سەرجەم هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئاگاداردەکەینەوە، ئەوە دوا وادەیە و ئەو هاوڵاتییانەی بە هەر هۆکارێک خۆیان تۆمارنەکردووە ئەم دەرفەتە لەدەستنەدەن و لەو ماوەیەدا هەر گرفتێکیان هەبووە، چارەسەری بکەن و خۆیان تۆماربکەن، بەپێچەوانەوە بەشە خۆراکەکانیان رادەگیرێت تا فۆرمەکە پڕدەکەنەوە.