سەرپەرشتیارى بایۆمەتریى سلێمانى، رایگەیاند، لیستى مووچەى مانگى حەوتی فەرمانبەرانى سنوورى سلێمانى بە سیستمى پەیڕۆڵ بۆ هەولێر نێردراوە.
یادگار جەبار، سەرپەرشتیارى بایۆمەتریى سلێمانى رایگەیاند، “لیستى مووچەى مانگى تەمموزى فەرمانبەرانى سنوورى سلێمانى بە سیستمى پەیڕۆڵ بۆ هەولێر نێردراوە”.
وتیشی، لێبڕینى %3ـى مووچەى فەرمانبەران لە مانگى تەمموز جێبەجێدەکرێت، بەوهۆیەوە لە 15ـى تەمموزەوە، سەرقاڵبووین و لیستى مووچەکەمان بەو لێبڕینەوە رەوانەى هەولێر کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک فەرمانگەش لێبڕینى %3ـیەکەیان دەکەوێتە مانگى ئاب، بۆ خانەنشینانیش، راستەوخۆ لەکاتى وەرگرتنى مووچەى مانگى تەمموزدا، ئەو بڕەیان لێدەبڕدرێت.
هاوکات بەپێی وتەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایی و ئابوریى هەرێمى کوردستان، ” لەبەرئەوەى لێبڕینى %3ـى مووچە لە فەرمانبەران لە مانگى تەمموز جێبەجێدەکرێت، وردبینیى لیستەکە چەند رۆژێکى دیکە تەواودەکرێت و پاشان بڕیار لە ناردنى بۆ بەغداد دەدرێت”.