بارزانی: ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلی كوردستان تێكشكا

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

سەرۆكی پارتی ڕایدەگەیەنێت، ڕیشەكێشكردنی داعش هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هەموو لایەك و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە و دەشڵێت، “ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلی كوردستان تێكشكا”.

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی كانونی دووەم پەیامێكی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت، ماوەیەكە لە هەندێ ناوەندی ئیعلامی و سیاسی باسی شەڕی داعش دەكرێت. لێرەدا ڕاستییەك هەیە ناكرێ چاوپۆشی لێ بكرێ، داعش دیاردەیەكە كە دوژمنی سەرجەم مرۆڤایەتییە و، شەڕكردن لەگەڵ داعش شەڕێكی ئاسان نییە، چونكە بەرەیەكی بەرفراوان و هەمەلایەنە و، لایەنێكیش بە تەنیا ناتوانێ داعش تێكبشكێنێت.

بارزانی دەشڵێت، “ڕیشەكێشكردنی داعش هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هەموو لایەك و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە”.

لە بەشێكی تری پەیامەكەدا هاتووە، “كاتی خۆی لە شەڕی داعشدا ئێمە سوپاسی هاوپەیمانان و ئەمەریكامان كرد كە یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان داوە. سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەشمان كرد كە بە جۆرێك بەشداربوونە لە شەڕی داعش و یارمەتیی پێشمەرگەیان داوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەموو لایەك ئەوە بزانن كە ئەوەی لەسەر ئەرزی واقعدا بە خوێن و قوربانیدانی خۆی، كوردستانی لە هەڕەشەی داعش پاراست، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو”.

سەرۆكی پارتی دوپاتیشیدەكاتەوە، “هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئەو حەقیقەتە بشارێتەوە كە ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلی كوردستان تێكشكا”.

بابەتی پێشتر

پەرلەمان هەوڵدەدات شایستە داراییەكانی زیندانییانی سیاسی بگەڕێنێتەوە

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) یوڤانتۆس، سپالی بڕی و لە نیوەی کۆتایی ڕوبەڕوی ئینتەر دەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share