ئیدارەكەی بایدن لەڕێی فڕۆكەی بی 52ەوە پەیامی خۆی گەیاندە ئێران

فڕۆكەی بی 52ی ئەمریكی

دوو فڕۆكەی ئەمریكی جۆری (B52) ڕۆژی سێشەممە گەیشتنە ئاسمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش یەكەمجارە لە ماوەی ئیدارەكەی جۆ بایدن و شەشەمە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، مەبەستیش لێی گەیاندنی پەیامی بەرپەرچدانەوەی ئێران-ە، وەك ئەوەی ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) بڵاویكردوەتەوە.

ڕۆژنامەكە لەسەر زاری گەورە بەرپرسێكی سەربازیی ئەمریكییەوە بڵاویكردەوە، دوو فڕۆكەكە ڕۆژی سێشەممە 26ی كانونی دووەم لە بنكەی باركسیدل-ی سەربازی لە لویزیاناوە دەرچوون و بە ئاسمانی هەریەك لە ئوردون و سعودییە و ئیمارات و قەتەردا تێپەڕبوون، بەر لەوەی بگەڕێنەوە ویلایەتە یەكگرتووەكان.

بەرپرسەكە ئەوەشی وتووە، ئەمریكا لەڕێی ئەم هەنگاوەوە دەیەوێت “بەرپەرچی هەر دوژمنكارییەك لە ناوچەكەدا بداتەوە، لەگەڵ بەهێزكردنی ئاسایشی هەرێمایەتی و دڵنیاكردنەوەی هاوپەیمانان”.

دەرچوونەكانی فڕۆكەی (B52) كارێكی ڕێكخراوە كە ناوبەناو سوپای ئەمریكا لە ناوچەكەدا ئەنجامیدەدات، بەرپرسانی سەربازی ئاشكرایانكردووە، گەشتەكەی سێشەممە، شەشەمی لەو جۆرە بووە لە تشرینی دووەمی ڕابردووەوە، سێیەمیشە تەنها لەم مانگەدا.

فڕینەكەی سێشەممە چەند هەفتەیەك پێشتر پلانی بۆ دانراوە و دەرئەنجامی هیچ ڕوداوێكی دیاریكراو نەبووە، ئاماژە بەوەشدەكرێت پلان هەیە دەرچوونی فڕۆكەكان لە بەهاردا زیادبكرێت.

گەورە بەرپرسە سەربازییەكە ڕایگەیاندووە، “ئەم جۆرە گەشتە ئاسمانییانە ئامانج لێی بەرپەرچدانەوەی ئێران و دڵنیاكردنەوەی هاوپەیمانانە لە ناوچەكەدا، سەرەڕای پارێزگاری لە ئاسایش، لەكاتێكدا ئیدارەكەی بایدن كار لەسەر دانانی سیاسەتێكی نوێ بۆ وڵات دەكات”.

ئەوەشی وت، “ئێمە دەزانین كە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر ئێران لەئێستادا دەگۆڕدرێت و، ئیدارەی نوێش هەندێك بڕیار لەماوەی داهاتوودا دەدات”. ئاماژەی بەوەشكرد كە سەرەڕای ئەوەی هیچ تێڕوانینێكی تایبەتی نییە دەربارەی گرنگی ئەو بڕیارانە، بەڵام “بەردەوامیدان بە بەرپەرچدانەوەی دوژمنكاریی ئێران، ڕوبەرێكی فراوان دەبەخشێتە بەرپرسان بۆ بڕیاردان لە دۆخە سیاسییەكاندا”.

ئەو پێشهاتانە لەدوای زیادبوونی بارگرژییەكانی نێوان واشنتن و تاران و هاوپەیمانەكانی لە عێراقدا بوو، دوای بڵاوبوونەوەی ئەگەری هێرشێك بۆ سەر ئێران بەر لە كۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی پێشوو.

بابەتی پێشتر

بافڵ تاڵەبانی پەیامێك ئاڕاستەی كاكەییەكان دەكات

بابەتی دواتر

عێراق.. بودجەی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیران كەمكرانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share