سۆران عومەر: وەزارەتی دارایی دەستبەجێ دەست بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەپێی رێککەوتنەکەی هەرێم و بەغداد، دەستبەجێ وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات.

سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، رێککەوتنی هەرێم و بەغداد تاوەکو 31ـی 12ـی 2025 کاری پێدەکرێت و بۆ ساڵی 2026، پێویستە رێککەوتنێکی نوێ بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێم دەستدەکات بە هەناردەکردنی سەرجەم نەوتی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکانی هەرێم 220 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەمە جگە لە هەر زیادکردنێک لە داهاتوودا لە رێگەی رێکخراوی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ). وەزارەتی دارایی عێراق، بەپێی یاسای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ هەر بەرمیلێک 16 دۆلار دەداتە حکومەتی هەرێم.

ئەوەشیخستەڕوو، رۆژانە بڕی 50 هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێم تەرخاندەکرێت، بەمەرجێک حکومەتی هەرێم بەڵێنبدات تێچووی بەرهەمهێنان بۆ ئەو بڕەپارەیە بدات. ئەگەر هەرێم پێویستی پێی هەبێت، وەزارەتی نەوتی عێراق تەرخانیدەکات بۆ بڕی بەرهەمێک کە هاوتایە لەگەڵ پاڵاوتنی 15 هەزار بەرمیل. لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم هەڵسەنگاندن بۆ پێویستیی راستەقینەی هەرێم بۆ بەرهەمە نەوتییەکان دەکەن بۆ مەبەستی تەرخانکردن و، لە ماوەی دوو هەفتەدا راپۆرتەکەی پێشکەشدەکات.

سۆران عومەر لەبارەی داهاتی نانەوتی نووسیویەتی:

– حکومەتی هەرێم بڕی 120 ملیار دینار بۆ هەر مانگێکی ئایار و حوزەیران رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەکات.

– گروپێکی کارکردن لە دەستەی چاودێریی دارایی فیدراڵی و هەرێمایەتی پێکدەهێندرێت، بۆ وردبینی و پۆلێنکردنی داهاتی نەوت و دیاریکردنی پشکی حکومەتی فیدراڵی لێی، لە ماوەی زۆرترین ماوەی یەک مانگدا.

– دەستبەجێ وەزارەتی دارایی دەست بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکات بۆ مانگەکانی ئایار، حوزەیران و مانگەکانی دواتر.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share