بەپێی ئامارێک کە لەلایەن کۆمپانیای دیلیۆیتی تایبەت بە داتا و ئامارەکان بڵاوکراوەتەوە، یانەی مانچستەر یونایتد لە خاوەن زۆترین داهاتەوە بۆ پلەی چوارەم دابەزیوە.
ئاماری کۆمپانیا تایبەتمەندەکە بە بوارە داراییەکان ئاشکرایکردووە، کە تەنها لە وەرزی 2019/2020 گەورەترین 20 یانەی ئەوروپا بە ڕێژەی 1.1 ملیار یورۆ زیانیان بەرکەوتووە، ئەم ڕێژەیەش دوای کۆتاییهاتنی وەرزی 2020/2021 بۆ زیاتر لە دوو ملیار بەرزدەبێتەوە.
یانەکانی بەرشلۆنە و بایرن میونشن و ڕیاڵ مەدرید و مانچستەر یونایتد لەو یانانەن کە پشکی شێریان لە زیانەکاندا بەرکەوتووە، هۆکارەکەش بۆ دوورکەوتنەوەی هاندەران لە یاریگا و کەمبوونەوەی فرۆشی یاریگاکان و مافەکانی پەخشی تەلەفزیۆنی و چەندین فاکتەری دیکە دەگەڕێنەوە.
ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، کە یانەی مانچستەر یونایتد بە ڕێژەی لەسەدا 17 زیانی دارایی بەرکەوتووە، بەم ڕێژەیەشەوە یانە سوورە زەبەلاحەکە لە 2013وە تاوەکو ئێستا یەکەمجارە لە خاوەن زۆرترین داهاتەوە بۆ پلەی چوارەم دادەبەزێت و سێ یانەی دیکە پێشی دەکەون.
ڕیزبەندی ئەو یانانەی زۆرترین داهاتیان کۆکردووەتەوە (دوای لێبڕینی زیانەکان):
- بەرشلۆنە 715.1 ملیۆن یورۆ
- ڕیاڵ مەدرید 714.9 ملیۆن
- بایرن میونشن 634.1 ملیۆن
- مانچستەر یونایتد 580.4 ملیۆن
- لیڤەرپوڵ 558.6 ملیۆن
- مانچستەر سیتی 549.2 ملیۆن
- پاریس سانت جێرمان 540.6 ملیۆن
- چێڵسی 469.7 ملیۆن
- تۆتنهام 445.7 ملیۆن
- یوڤانتۆس 397.9 ملیۆن
- ئارسیناڵ 388 ملیۆن
- دۆرتمۆند 365.7 ملیۆن
- ئەتلەتیکۆ مەدرید 331.8 ملیۆن
- ئینتەرمیلان 291.5 ملیۆن
- زینیت 236.5 ملیۆن
- شالکە 222.8 ملیۆن
- ئێڤەرتۆن 212 ملیۆن
- ئۆڵیمپیک لیۆن 180.7 ملیۆن
- ناپۆلی 176.3 ملیۆن
- ئینتراخت فرانکفۆرت 174 ملیۆن