بریارە لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، لە سەرەتای مانگی شوباتدا میوانداریی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بكات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی كانونی دووەم، سایتی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاندووە، “بە مەبەستی تاووتوێكردنی پرسی پاڵاوتنی نەوت لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان بۆ پێداویستییە ناوخۆییەكان، دوێنێ سێشەممە 26ی كانونی دووەم، لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمان، بە سەرپەرشتیی عەلی حەمە سالح، سەرۆكی لیژنە و ئامادەبوونی بڕیاردەر و ژمارهیهك له ئەندامان و ڕاوێژكارانی لیژنەكە، بە شێوەی ئۆنڵاین كۆبووەوە”.
ئەوەش خراوەتەڕوو، “لە كۆبوونەوەكەدا تاووتوێی ڕاپۆرتی دیلۆیت كرا، بهشداربووانی كۆبوونهوهكەش ڕاوسەرنج و تێبینیی خۆیان لەسەر ڕاپۆرتەكە خستهڕوو و بڕیاردرا بە ڕاپۆرتێك تەواوی تێبینی و سەرنج و پێشنیازەكان ئاڕاستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز بكرێت بە مەبەستی وەرگرتنەوەی وەڵامەكانی لیژنەكە”.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، لیژنەكە بڕیاریدا لە كۆبوونەوەی داهاتوویدا لە ڕۆژی 2ی شوبات، كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ “میوانداریی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بكات”، بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر كەمكردنەوەی خەرجیی دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستاندا، وەك سایتی پەرلەمان ئاماژەی پێكردووە.
6ی کانونی دووەمی ئەمساڵ، پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنێکی نائاساییدا، بە دەنگى 81 پەرلەمانتار متمانەی بە كەمال ئەتروشی دا بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم.