مایکڵ جۆزیف جاکسۆن (Michael Joseph Jackson) لە 29ى ئابى 1958 لەدایکبووە و لە 25ى حوزەیرانى 2009 کۆچى دوایی کردووە.
گۆرانیبێژ، ئەکتەر، ئاوازدانەر، سەماکار، بەرهەمهێنى گۆرانى، راهێنەرى سەما، دەرهێنەرى فیلم، بەرهەمهێنى فیلم، سیناریست، خاوەنکار، چالاکوانى مافى مرۆڤ و دەرهێنەرى میوزیکى وێنەیى ئەمریکى بووە و نازناوى “پادشاى پۆپ”ى هەبوو.
بە یەکەم هونەرمەندى میوزیک لەڕووى ناوبانگ، ئاستى جەماوەرى و زۆریی فرۆشى کاسێتى گۆرانییەکانى لەسەر ئاستى جیهان دادەنرێت، بە قەبارەى زیاتر لە 350 ملیۆن تۆمار لە سەرتاسەرى جیهاندا.
یەکەم کەسایەتیش بوو بچێتە نێو تۆمارى گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان بە زیاتر لە 21 جار.
بەشداربوونەکانى لە بوارى میوزیک، سەما و جلوبەرگ، سەرەڕاى ژیانى تایبەتى و کەسێتیی ئاشکراى خۆى، کردیە ئایکۆنێکى جیهانیی ناسراو بۆ زیاتر لە 40 ساڵ.
مایکڵ لە خێزانى هونەریی جاکسۆن لەدایکبووە کە لە 10 منداڵ پێکدەهات، ریزبەندییەکەى هەشتەم بوو لەنێو خوشک و براکانیدا، ئەستێرەبوونى لە بوارى گۆرانى و سەما لە تەمەنى پێنج ساڵییەوە دەرکەوت لە سایەى تیمەکەى (جاکسۆن 5)، کە لەلایەن چوار برایەوە دامەزرێندرا.
مایکڵ سەدان خەڵات و ژمارەیەکى زۆر نازناو بەدەستهێناوە لەوانە، 13 خەڵاتى گرامى و 22 خەڵاتى میوزیکى ئەمریکى لەوانەش خەڵاتى “هونەرمەندى هەشتاکان” و “هونەرمەندى سەدە”، لە کاروانى هونەرییدا 13 لە گۆرانییەکانى پلەى یەکەمیان لەسەر ئاستى ویلایەتە یەکگرتووەکان بەدەستهێنا، ژمارەى فرۆشیشى لەسەر ئاستى جیهان یەک ملیارى تێپەڕاند.
لە 25ى حوزەیرانى 2009، لەکاتى ئامادەکارییدا بۆ زنجیریەک ئاهەنگ، مایکڵ جاکسۆن بەهۆى وەرگرتنى بڕێکى زیادى دوو جۆر دەرمان هەناسەدانى وەستا و گیانیلەدەستدا.