وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران هۆكاری نەگەڕاندنەوەی ئاوارەبووانی كەمپی هۆل بۆ عێراق ئاشكرادەكات.
كەریم نوری، بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق وتی، كەمپی هۆل بووەتە شوێنی قوربانیانی گروپەكانی داعش و لەئێستادا ژینگەیەكی گونجاوە بۆ گەشەی “گروپە تیرۆرستییەكان”.
وتیشی، “پێویستە چارەسەری خێرا بۆ كەمپەكە بدۆزرێتەوە كە بە بۆمبی كاتگیركراو دادەنرێت”.
نوری لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی فەرمی عێراق ئەوەشی وت، “ئەگەری گەڕاندنەوەی ئاوارەبووانی هۆل بۆ عێراق باسنەكراوە و ڕەتكردنەوە هەیە لەبارەی گەڕاندنەوەیان بەهۆی مەترسییانەوە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران پەیوەندیدارە بە كاروباری ئاوارەبووان و فەراهەمكردنی سەرجەم هۆكارەكانی بەردەست بۆ سوككردنی بارگرانی ئاوارەییان، بەڵام لایەنی ئەمنی و ڕێگەپێدانی ئاوارەبووان لەڕووی ئەمنییەوە لەدەست دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكاندایە.
كەمپی هۆل دەكەوێتە پارێزگای حەسەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان، بەپێی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان زیاتر لە 64 هەزار كەس لەخۆدەگرێت كە 24 هەزار و 300 كەسیان سوری-ن، ئەوانە هەڵهاتوو یان دەستگیركراوی كاتی شەڕەكانن لەدژی داعش.
هەر لەنێو دەستگیركراوانی كەمپەكەدا عێراقییەكان زۆرترینی بیانییەكان پێكدەهێنن، سەرەڕای هەزارانی دیكە لە خێزانی چەكدارانی دیكەی داعش كە سەر بە زیاتر لە 50 دەوڵەتی جیاجیان.
پێشتر چەندین جار ڕێكخراوە مرۆیی و نێودەوڵەتییەكان هۆشدارییاندا لە دۆخی دژواری كەمپەكە بەهۆی زۆری و چڕی ئەوانەی تیایدان و كەمی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان.
لەوەتەی كۆتاییهێنان بە داعشی ڕاگەیاندووە لە ئازاری 2019، دەسەڵاتی خۆبەڕێوبەری ڕۆژئاوای كوردستان داوا لە وڵاتانی پەیوەندیدار دەكات، هاوڵاتییە دەستگیركراوەكانی لای هێزەكانیان بگەڕێننەوە یان دادگایەكی نێودەوڵەتی بۆ دادگایی ئەو یاخیبووانە پێكبهێنن، بەڵام زۆرینەی وڵاتان و لەنێویشیاندا ئەوروپییەكان سوورن لەسەر نەگەڕاندنەوەی هاوڵاتییانیان.