دادگاى فیدراڵى هیچى پێدەکرێت بۆ چارەسەرکردنى گرفتى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم؟

بۆ چارەسەرى گرفتى مووچە، مووچەخۆرانى هەرێم چاوەڕوانى دادگاى فیدراڵین و شارەزایەکیش سەبارەت بەو چاوەڕوانییە روونکردنەوە دەدات.

عەبدولقادر ساڵح، پسپۆڕ و شارەزاى بوارى یاسا لە نووسینێکدا رایگەیاند، پێشتر دادگاى فیدراڵى لە داواى ژمارە (224 وموحدتها 269/اتحادية/2023) لە 2024/2/21 بڕیاریدا لە بەرژەوەندیى مووچەخۆرانى هەرێم و، پابەندى هەریەک لە حکومەتى عێراق و هەرێمى کرد بە بەبانکیکردن “تەوتین”ى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم وەک مووچەخۆرانى عێراق، بەڵام ئەم بڕیارە تائێستا وەک خۆى جێبەجێنەکراوە و هەردوو لایەنى داواکە وەک پێویست پابەندنەبوون بە جێبەجێکردنى بڕیارەکەى دادگاوە.

دەشڵێت، پاش ئەوەى وەزارەتى دارایى عێراق لە نووسراوێکیدا هەرێمى ئاگادارکردەوە لەوەى بڕى تەرخانکراوى بۆ مووچە بۆ ساڵى 2025 تەواو بووە، بەم جۆرە جارێکى دیکە مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم رووبەرووى مەترسى بووەوە بە تایبەت مووچەى هەشت مانگى ساڵى 2025.

لە بەرامبەر ئەم بابەتەدا داوایەک لە دادگاى فیدراڵى تۆمارکرا و داواى دەرکردنى فەرمانسالارى کراوە بۆ پابەندکردنى عێراق بە ناردنى مووچە بۆ هەرێم، عەبدولقادر ساڵح وا دەڵێت.

باس لەوەشدەکات، پاش بە دواداچوونیان بۆ ناوەرۆکى ئەم داوایە دەرکەوت ناوەرۆکى داوا تۆمارکراوەکە هەمان ناوەرۆکى داواى ژمارە (224 وموحدتها 269/اتحادية/2023) ئەمەش بەروونى لە بڵاونامەکەى دادگاى فیدراڵیدا هاتووە کە لەم بارەیەوە بڵاویکردۆتەوە.

ئەو شارەزایە لەبارەى پرسیارى ئەوەى ئایا دادگاى فیدراڵى دەتوانێ کێشەى مووچە جارێکى چارەسەر بکات؟ ئایا دەکرێت بۆ ئەم بابەتە فەرمانسالارى دەربکات؟ بە روونکردنەوەیەکى چەند خاڵى وەڵامدەداتەوە:

یەکەم: دەرکردنى فەرمانسالارى دەکەوێتە پێش دەرچوونى بڕیارى کۆتایى لە داوا بنەڕەتییەکە و دەبێت داواکە پێشتر یەکلانەکرابێتەوە، بەڵام ناوەرۆکى ئەم داوایەى تۆمارکراوە جەختکردنەوەیە لە چەند حەیسیات و بڕگەیەکى داواى (224 وموحدتها 269/اتحادية/2023) بێگومان لەم بارەشدا دەرکردنى فەرمانسالارییەکە کارێکى ئەستەم دەبێت بۆ پابەندکردنى عێراق بە ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم.

دووەم: ئەگەر ناوەرۆکى داوا تۆمارکراوەکە بۆ پاشگەزبوونەوەى (عدول) دادگاى فیدراڵى بێت لە قەتیسکردنی تەرخانکراوى مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە چوارچێوەى پشکی تەرخانکراو بۆ هەرێم لە یاسای بودجەی گشتیی وڵات کە لە داواى ژمارە (224 و موحدتها 269/اتحادية/2023)دا هاتووە و ئەم پشکەکەش بەپێى ماددەى (11/ یەکەم) لە یاساى بودجەى گشتیى عێراق دەبێت لە پشکى خەرجى فیعلى (انفاق الفعلی) بێت، ئەوا رەنگە ئەمە دەرچەیەکى یاسایى بێت بۆ چارەسەرکردنى دۆخەکە، هەرچەند دیارنیە ئایا داوا تۆمارکراوەکە ئەم داوایە لە خۆی دەگرێ یان نا؟ بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەیادنەچێت لە بڕگەى دووەمى حوکمەکەى دادگادا پابەندى هەرێمى کوردستان کراوە بە رادەستکردنى سەرجەم داهاتە نەوتى و نانەوتییەکان بە گەنجینەى عێراق و بەپێى یاساى بودجە، کە تائێستا حکومەتى فیدراڵ هەرێم تاوانبار دەکات بە پابەندنەبوون بەم بڕگەیە.

سێیەم: لە داواى ژمارە (224 وموحدتها 269/اتحادية/2023) ئەرکى دارایى بەرچاو خراوەتە ئەستۆى حکومەتى فیدراڵى بەپێى بڕیارەکەى دادگا، ئەم جۆرە پابەندکردنەکە رەنگە هەرگیز جارێکى دیکە دووبارە نەبێتەوە و جارێکى دیکە دادگاکە گەنجینەى گشتى عێراق بارگران نەکات بە پابەندییەکى دارایى دیکە بە تایبەت ئەگەر هاتوو بڕیارەکەى لە داواى ژمارە (224 وموحدتها 269/اتحادية/2023) وەک خۆى جێبەجێ نەکرابێت.

عەبدولقادر ساڵح باسى لەوەشکرد، بە بڕواى ئێمە ئەستەمە جارێکى دیکە دادگاى فیدراڵى لە بەرژەوەندیى هەرێم و لە چەشنى داواى ئاماژەپێکراو بڕیار لە بەرژەوەندیى مووچەخۆرانى هەرێم بدات و ئەرکى دارایى بۆ عێراق دروستبکات، ئەگەربێتوو هەرێم نیەتباشى خۆى دووپاتنەکاتەوە و، لانیکەم بڕگەکانى بڕیارەکەى دادگا وەک خۆى جێبەجێنەکات بە تایبەت رادەستکردنى داهاتە نەوتى و نانەوتییەکان بەگوێرەى یاساى بەرێوەبردنى دارایى فیدراڵى (قانون ادارة المالیة الفدرالیة) وەک لە بڕیارەکەی دادگادا بەراشکاوانە هاتووە، بە پێچەوانەوە هیوا گرێدان بە دادگاى فیدراڵى بۆ دەرکردنى فەرمانسالارى لەم بارەدا ئەگەرێکى لاوازە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كۆبوونه‌وه‌ پێشخراوه‌كه‌ى نه‌كرد

بڕیاربوو ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌وه‌ى هه‌فتانه‌ى خۆی پێشبخات و له‌باره‌ى ده‌رماڵه‌ى خوێندكارانه‌وه‌ گفتوگۆبكات، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ى بۆ…
زیاتر ببینە

مەزڵوم عەبدی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی ئاشکراکرد

شاندێکی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیش لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیانەوە…
Total
0
Share