وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێم بڵاوکردەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق جارێکی دیکە راگەیەندراوێکی لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێم بڵاوکردەوە و جەختیکردەوە، پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێم بە دەستوور و یاساوە بووەتە هۆی کێشە بۆ هەناردەی نەوت و ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت بەرپرسیارێتیی یاسایی تەواوی دەکەوێتە ئەستۆ.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا هاتووە، “جەختدەکەینەوە لە گرنگیی پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بە دەستوور و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی و یاسا بەرکارەکان لەناویشیاندا یاسای بودجەی گشتی، کە حکومەتی هەرێم پابەنددەکات بە رادەستکردنی نەوت بە وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و گەڕاندنەوەی داهاتەکەی بۆ خەزێنەی گشتی، بۆ ئەمەش پێشتر ئاگادارمان کردوونەتەوە، بەڵام بێسوود بووە”.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەگەر حکومەتی هەرێم بەردەوامبێت لە رادەستنەکردنی نەوت دەبێتە زیانێکی دارایی گەورە بە عێراق و ناوبانگی عێراق لە ئاستیی نێودەوڵەتی و پابەندییە نەوتییەکانی.

جەختیشیکردووەتەوە، پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێم بە دەستوور و یاسا لە دوو رووەوە زیان لە هەناردەی نەوتی عێراق و داهاتەکەی دەدات، یەکەم رادەستنەکردن و هەناردەی نەوت لە هەرێم و سوودوەرنەگرتن لە داهاتەکەی، دووەمیش نەوتی هەرێم لە رێکخراوی ئۆپیک وەک بەشێک لە پشکی عێراق هەژماردەکرێت، هەر بەم هۆیەشەوە عێراق ناچاردەبێت بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی دەرەوەی هەرێم کەمبکاتەوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، “وەزارەت چاودێریی بەردەوامیی بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمەوە بۆ دەرەوەی عێراق دەکات، حکومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی یاسایی تەواوی دەکەوێتە ئەستۆ، بە مافی خۆمانی دەزانین رێوشوێنی یاسایی پێویست لەو بارەیەوە بگرینەبەر”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی: دابەشکردنی ئاومان ڕاگرتووە

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، ڕایگەیاند، لەبەر لێڵبوونی سەرچاوەکان، دابەشکردنی ئاومان ڕاگرتووە. بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، ڕایگەیاند، بارانبارینی ڕۆژانی ڕابردوو لە…
Total
0
Share