وەزارەتی دارایی عێراق وەڵامی وەزارەتی دارایی هەرێمی دایەوە

وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بۆ حکومەتی عێراق.

وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا، وەڵامی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دایەوە و رایگەیاند، رادەستنەکردنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێم بۆ کۆمپانیای سۆمۆ لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بووەتە هۆی ئەوەی خەزێنەی گشتی بە ترلیۆن دینار، زیانی پێبگات.

دەشڵێت، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتی و نانەوتی رادەستی بەغداد بکات، لە بەرامبەریشدا وەزارەتی دارایی عێراق تەمویلی بکات؛ وەزارەتی دارایی عێراق پابەندبووە بە یاسا و بڕیارەکەی دادگا، بەڵام حکومەتی هەرێم پابەند نەبووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم، راپۆرتی خۆیان لەسەر خەرجی و داهات خستووەتەڕوو و دەرکەوتووە، بەشێک لە داهاتی نەوت و نانەوتیی هەرێم نەگەیشتووەتە حکومەتی عێراق.

ئەوەش هاتووە، “حکومەتی هەرێم پابەند نەبووە بە تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆران بەپێی یاسا و بڕیاری دادگای فیدراڵی، سەرەڕای تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر”.

وەزارەتی دارایی عێراق ئەوەشیخستووەتەڕوو، “حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارە لە پێشێلکردنی ئەوەی لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا هاتووە سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و چاودێریی کۆمەڵایەتی، ئەوەش بەهۆی رادەستنەکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بۆ خەزێنەی گشتی”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share