ویلایەتە یەکگرتووەکان پێدانى ڤیزا بە خوێندکارانى چین رادەگرێت و پەککین-یش بڕیارەکە بە “نا لۆژیکى” ناودەبات.
ماو نینگ، وتەبێژ بەناوى وەزارەتى دەرەوەى چین رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان بەشێوەیەکى نا لۆژیکى پێدانى ڤیزاى بە خوێندکارانى چین بە بیانوى ئایدۆلۆجى و مافى نیشتمانى رەتکردووەتەوە.
وتیشى، “چین بە توندى دژایەتى ئەم بابەتە دەکات و ناڕەزایەتى پێشکەش بە ویلایەتە یەکگرتووەکان کردووە”.
رۆژێک پێشتر ئیدارەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا بەڵێنى رەتکردنەوەى پێدانى ڤیزاى بە خوێندکارانى چین راگەیاند کە بە گەورەترین سەرچاوەى داهاتى زانکۆکانى ئەمریکا دادەنرێن.
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەى پێدانى ڤیزا بە خوێندکارانى چینى رادەگرێت، بەتایبەت ئەوانەى پەیوەندییان بە حزبى شیوعیی چینییەوە هەیە یان ئەوانەى لە بوارى هەستیاردا دەخوێنن.
ئەوەشى وت کە پێداچوونەوە بە پێوەرەکانى پێدانى ڤیزادا دەکەن بۆ بەهێزکردنى وردبینى لەسەر سەرجەم داواکارییەکانى ئاییندە لە کۆمارى چین و هۆنگ کۆنگ-ەوە.
گەنجانى چینى زۆر گرنگن بۆ زانکۆکانى ئەمریکا، کە پشت بە خوێندکارانى هاتوو لە دەرەوە دەبەستن، ئەوانەى رسوماتى تەواوى خوێندن دەدەن.
وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى چین باسى لەوەکرد، بڕیارەکە زیانى بە ماف و بەرژەوەندیی خوێندکارانى چین گەیاندووە و وتى، “ئەم هەڵسوکەوتە سیاسی و جیاکارییەى ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەو درۆیانە ئاشکرادەکات کە ناوى ئازادى و کرانەوەى لێنراوە و ویلایەتە یەکگرتووەکان بانگەشەى بۆ دەکات، هەروەک زیان بە وێناى خودى ویلایەتە یەکگرتووەکان دەدات لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى”.