مونا یاقوو سەرۆکی دەستەی مافەکانی مرۆڤ رایدەگەیەنێت، بڵابوونەوەی رەفتاری نائەخلاقی لە شەقامەکانی عەینکاوە لە کاتەکانی نیوەشەو و چەندین دیاردەی دیکە جێگای قبووڵکردن نییە.
مونا یاقو لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، شارۆچکەی عەینکاوە کە لە ناوچە جیاجیاکانەوە کۆیکردوینەتەوە، و بە هەموو خۆشەویستییەکەوە لە باوەشی گرتووین، لە کلدان و سریانی و ئاشووری و ئەرمەنەکانەوە، بەهۆی ئەو شێواندن و پراکتیزە نەرێنییانەی کە بەدەستیەوە دەناڵێنێت کاریگەریی توندی لەسەر خەڵکی ناوچەکە هەبووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رەفتارى نا ئەخلاقى لە شەقامەکانى عەینکاوەدا، بە شێوەیەکى رۆژانە، بە تایبەت لە دواى نیوەشەوەوە، لە لایەن خەڵکانێکى بێگانەوە کە خەڵکى ناوچەکە نین، زیادبوونى ژمارەى هۆتێلەکان بە شێوەیەکى چاوەڕواننەکراو، کە لەگەڵ قەوارەى قەزاکەدا ناگونجێت، دەنگی بەرزی هۆڵەکان و ئاهەنگگێڕان تا درەنگانی شەو، پۆشینی جلوبەرگی ناشایستە، بڵاوبوونەوەی نائاسایی مەیخانە و یانە شەوانەکان لە شارەکەدا جێگای قبووڵکردن نین.
جەختیشیکردووەتەوە، عەینکاوە کە بە شاری برایەتی و ئاشتی ناسراوە، دەبێت هەموومان کاربکەین بۆ پاراستنی کەرامەت و ناوبانگی خەڵکەکەى.