ناوەندی ستراتیجیی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ رایدەگەیەنێت، دەنگی بەرزی ژاوەژاو لە عێراق، مەترسییەکەی کەمتر نییە لە پیسبوونی هەوا و ژینگە و 80%ـی عێراقییەکان بەدەستیەوە دەناڵێنن.
ناوەندەکە لە راپۆرتێکدا دەڵێت، “رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئاستی ژاوەژاویان لە بەغداد تۆمارکردووە، کە لەنێوان 37.5 بۆ 76 دیسیبڵدایە، کە زیاترە لەو سنوورەی رێکخراوەکە بۆ ئەو ناوچانە دیارییکردووە کە خەڵکی تێدا نیشتەجێن، بە 45-55 دیسیبڵ”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “هۆکارەکانی زیادبوونی ژاوەژاو دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی گەشەی دانیشتووان لە عێراق، زیادبوونی کارگە و وەرشە پیشەسازییەکان لەناو شارەکاندا، زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان، کە گەیشتووەتە زیاتر لە حەوت ملیۆن، هۆڕنی دەنگ بەرز، زۆربوونی ماتۆڕسکیلەکان، بڵاوبوونەوەی مۆلیدەی کارەبایی کە بێدەنگکەری تێدا نییە”.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، بەپێی تەندروستیی جیهانی، زۆرترین ژاوەژاو کە مرۆڤ رۆژانە بەرکەوتەی دەبێت، نابێت لە 85 دیسیبڵ زیاتر بێت و زۆرترین ماوەش، نابێت لە هەشت کاتژمێر لە رۆژێکدا تێپەڕبکات، ئەگەر ئەو سنوورەش تێبپەڕێندرێت، رەنگە کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی کەسەکە دروستبکات.