ماوەی چەند رۆژێکە شەڕ و پێکدادانەکانی هەردوو وڵاتی هیندستان و پاکستان دەستیانپێکردووەتەوە و ماوەی چەند کاتژمێرێکیشە بە بڕیارێک ئاگربەست راگەیەندراوە، بەڵام هیچ دڵنیاییەک لەبارەی سەرهەڵنەدانەوەی لە کاتێکی دیکە و بە شێوازێکی دیکە لەئارادانییە.
ناکۆکییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان مێژوویەکی درێژیان هەیە و نزیکبووەتەوە لە 80 ساڵ کە پەیوەستە بە ناوچەیەکی هاوبەش کە کشمیری پێدەوترێت و تا ئێستا نەتوانراوە چارەسەرییەکی یەکجاری بۆ بدۆزرێتەوە.
هەرێمی کشمیر ناوچەیەکی دەشتاییە لە باشووری زنجیرە چیای هیمالایە و هاوسنوورە لەگەڵ هەریەکە لە هیندستان و پاکستان و چین.
رووبەری هەرێمەکە نزیکەی 250 هەزار کیلۆمەتر دووجایە، ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 13 ملیۆن کەسە کە بەسەر ئایینەکانی ئیسلام، هیندۆس، بوزی و مەسیحیدا دابەشبوون، هەر چەند ناوچەیەکی ئەو هەرێمە بەر یەکێک لەو سێ وڵاتە کەوتووە.
هەرچەندە بە درێژایی سەدەکانی پێشووتریش ناکۆکی لەو سنوورەدا هەبووە، بەڵام بە دیاریکراوی کێشەی نێوان هیندستان و پاکستان لەسەر کشمیر بۆ ساڵی 1947 دەگەڕێتەوە کاتێک هەردوو وڵات لە ئیمپراتۆرییەتی بەریتانی جیاببنەوە و وڵاتی سەربەخۆی خۆیان دروستبکەن.
لە ساڵانی (1947-1949)، (1965)، (1972)، (1999)، (2019) شەڕ لەنێوان هەردوو وڵات لەسەر هەرێمی کشمیر هەبووە، هەرچەندە بۆ هەر جارێک و بە رێککەوتنێک ئاگربەست راگەیەندراوە، بەڵام نەبوونەتە هۆی ئەوەی بە شێوەی یەکجارەکی کۆتایی بەو جەنگە بێت.
لەدوای ساڵی 2021 و ئەو رێکەوتنی ئاگربەستەی لەنێوان هەردوو کرا دۆخی ناوچەکە تا رادەیەک ئارامی بەخۆیەوە بینی و بەردەوام بوو تا 22 ی نیسانی ئەمساڵ و رووداوی تەقینەوەیەک لە ناوچەیەکی گەشتیاریی بەشە هیندییەکەی کشمیر کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان کەس.
لەدوای ئەم رووداوە حکومەتی هیندستان پاکستانی بە ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتبارکرد و گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات جارێکی دیکە زیندووبوونەوە.
سەرەتای ئەم مانگە عەتەڵلا تارار وەزیری راگەیاندنی پاکستان رایگەیاند، وڵاتەکەی زانیاریی باوەڕپێکراوی هەیە کە هیندستانی دراوسێی بە نیازە لە ماوەی یەک بۆ دوو رۆژی داهاتوو هێرشبکاتە سەریان.
وتەکانی تەتار زۆر لە وادەی دیاریکراو دوورنەکەوتەوە کە هیندستان لە 5 ی مانگدا ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بۆ سەر پاکستان ئەنجامدا و بەرامبەریش وەڵامی دایەوە.
لەگەڵ هەوڵەکانی ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی جیهان دوای پێنج رۆژ ئاگربەست راگەیەندرا، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی هەردوو لایەنەوە بۆ ماوەی رۆژێک ئاگربەستەکە شکێندرا و لە ئێستادا ئارامی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی هەردوو وڵاتەوە بڵاوکراونەتەوە، بەهۆی ئەوەی رێککەوتنێکی گشتگیرنییە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو سنوورە بەیەکجاری، پێشبینی ناکرێت لەکات و ساتێکی دیکەدا پێکدادانێکی نوێ لەنێوان هەردوو وڵات کە خاوەنی چەکی ئەتۆمن سەرهەڵنەدانەوە.