ئەڵمانیا پلانێك بۆ ڕفاندنی وەزیرێكی پوچەڵدەكاتەوە

پلانیان بۆ لەناوبردنی سیستمی دیموكراتی ئەڵمانی داناوە

دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا هەڵمەتێكیان دژ بە تۆڕێكی ڕاستڕەوی توندڕەو و دژ بە سیاسەتی سنووردانان بۆ پەتا ئەنجامدا، داواكاری گشتی و ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان دەڵێت، تۆڕەكە پلانیان بۆ هێرش و لەناوبردنی سیستمی دیموكراتی ئەڵمانی و ڕفاندنی وەزیری تەندروستی داناوە.

داواكاری گشتیی لە شاری كۆبلنز-ی ئەڵمانی لێكۆڵینەوە لەسەر 12 كەس ئەنجامدەدات كە گوماندەكرێت ئامادەكارییان بۆ كاری توندی مەترسیدار كردبێت.

كەناڵی یەكی تەلەفزیۆنی ئەڵمانی (ئەی ئاڕ دی) بڵاویكردەوە، گومانلێكراوان پلانیان داناوە بۆ هێرشكردنەسەر تۆڕەكانی كارەبا بەمەبەستی پچڕانی كارەبا لەسەر ئاستی ئەڵمانیا و دروستكردنی دۆخێكی “هاوشێوەی جەنگی میللی”.

ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنەكە دەڵێت، ئامانجی گومانلێكراوان لەو ئاژاوەیە، تێكدانی سیستمی دیموكراتی لە ئەڵمانیا و دواتر دەستگرتن بووە بەسەر حكومەتدا. دەسەڵاتداران گومانیان هەیە گروپەكە پلانیان هەبووە بۆ ڕفاندنی كارل لاوترباخ وەزیری تەندروستی.

كارل لاوترباخ وەزیری تەندروستی

نوسینگەی داواكاری گشتی لە كۆبلنز و پۆلیسی ڕاینلاند فالس لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا ڕوونیانكردەوە، تۆڕەكە ناوی “نیشتمانپەروەرە یەكگرتووەكان” و ئامانجیان تێكدانی “سیستمی دیموكراسیی ئەڵمانی” بووە.

ئاشكراشیكردووە، دەسەڵاتداران پێنج گومانلێكراویان كردووەتە ئامانج كە سەرجەمیان ئەڵمانین و تەمەنیان لەنێوان 41 بۆ 55 ساڵاندایە و تائێستا چوار دەستگیركردنیان ئەنجامداوە.

بەپێی ڕاپۆرتە ناوخۆییەكان گومانلێكراوان پلانیشیانداناوە بۆ كڕینی چەك بە هەزاران یۆرۆ و چاوەڕواندەكرا پرۆسەی یەكەم ڕادەستكردن هەفتەی داهاتوو لە ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە ئەنجامبدرێت، بەڵام كڕینەكە “تەڵە” بووە و لێكۆڵەران ڕێكیانخستووە و بە دەستگیركردنی سێ كەس كۆتایی هاتووە كە ئەركیان ڕێكخستنی پرۆسەی كڕینی چەكەكە بووە بە هەماهەنگی لەگەڵ كەسێكی دیكەی نیشتەجێی دەرەوەی ئەڵمانیا.

بابەتی پێشتر

كەشناسیی عێراق: سبەینێ بارانی پچڕپچڕ دەبارێت

بابەتی دواتر

فوئاد حسێن: ئێران دراوسێیەكی بەوەفایە و ڕێگەنادەین لە عێراقەوە هەڕەشەی لێبكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share