دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەتیکردەوە بیر لەوە بکاتەوە بۆ جاری سێیەم، ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (ئێن بی سی) رایگەیاند، “بۆ ماوەی هەشت ساڵ، واتە دوو خول سەرۆکی ئەمریکا دەبم، هەمیشە پێموابووە ئەوە زۆر گرنگە، بەڵام بۆ خولی سێیەم نابمەوە بە سەرۆک”.
وتیشی، “بەشێکی زۆری هاوڵاتییان داوای ئەوەم لێدەکەن بیر لە هەوڵدان بۆ مانەوە لە پۆستەکەم بکەمەوە، بەڵام ئەوە شتێکی رێگەپێنەدراوە لە دەستووردا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “مانەوەم وەک سەرۆکی ئەمریکا شتێک نییە کە من بەدوایدا بگەڕێم”، دواتر لیستێکی کۆمارییەکانی خستەڕوو کە دەتوانن جێگەی ئەو بگرنەوە لە داهاتوودا، لەنێویاندا جەی دی ئیڤانس، جێگری سەرۆک و مارکۆ روبیو، وەزیری دەرەوە.
لە هەمواری 22ـی دەستووری ئەمریکادا هاتووە، “نابێت هیچ کەسێک لە دوو جار زیاتر خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێرێت”. گۆڕینی دەستووریش، پێویستی بە رەزامەندیی دوو لەسەر سێی هەردوو ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت، هەروەها رەزامەندیی سێ لەسەر چواری حکومەتە خۆجێییەکانی سەر ئاستی ویلایەتەکانی ئەمریکا.
دۆناڵد ترەمپی تەمەن 78 ساڵ، پێشتر رایگەیاندبوو “جددییە” سەبارەت بەوەی کە دەیەوێت خولی سێیەم، یان تەنانەت چوارەمیش ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا؛ بەڵام دواتر وتی، لێدوانەکانی بۆ گاڵتەکردن بووە بەو میدیایانەی هەواڵی ساختە بڵاودەکەنەوە.