سری سورەییا ئوندەر پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی وەفدی ئیمڕاڵی بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد.
دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە سری سورەییا ئوندەر پەرلەمانتاری تورکیا دوای مانەوەی بۆ زیاتر لە 15 رۆژ لە نەخۆشخانە بەهۆی نەخۆشی دڵەوە کۆچی دواییکرد.
سری سورەییا بە رەگەز تورکمانییە، لە ساڵی 1962 لە پارێزگای سەمسوری باکووری کوردستان لەدایکبووە، لە زانکۆی ئەنقەرە کۆلێژی زانستە رامیارییەکانی خوێندووە، بەڵام نەیتوانیوە تەواوی بکات، دواتر کاری رۆژنامەوانی و کاری فیلمسازی کردووە و دواتر هاتووەتە ناو دونیای سیاسەت.
ناوبراو لە هەڵبژاردنی ساڵی 2015 ی وڵاتەکەی لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی گەلان خۆی کاندید کرد و بووە پەرلەمانتار، دواتر و لە هەڵبژاردنی 2023 لە لیستی دەم پارتی خۆی کاندید کرد و بووە پەرلەمانتاری ئەو حزبە.
سری سورەییا یەکێکە لەو کەسایەتییانەی لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ناوی دێت، لە دوایین هەوڵەکانیش ئەندامی حزبەکەی بووە بۆ ئیمڕاڵی و تا ئەو رۆژەی دۆخی تەندروستی تێکچوو بەردەوام بوو.
لە 15 ی مانگی رابردوو بەهۆی تێكچوونی دۆخی تەندروستی گەیەندرایە نەخۆشخانە و نەشتەرگەری دڵی بۆ ئەنجامدرا، بەڵام رۆژ بەرۆژ دۆخی تەندروستی بەرەو خراپتر رۆیشت و پزیشکان نەیانتوانی هیوای چاکبوونەوەی ببەخشن.