ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ دووشەممە 25ی کانونی دووەم ڕایگەیاند کە لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی 2020دا 19 هاوڵاتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.
بەپێی دواین ئاماری ڕێکخراوەکە، “ئەو کەسانەی لە مانگی ڕابردوودا خۆیان کوشتووە سیانیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییەوەبووە”.
بەپێی ئامارەکە، لەو ماوەیەدا 11 ژن و هەشت پیاو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، کە تەمەنی دوو کچ و کوڕێک لە خوار 18 ساڵەوە بووە.
ئاماژە بەوەشکراوە هۆکاری زۆرینەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کێشەی خێزانی، کێشەی ئابووری و هەژارییە.
لە ئامارەکەدا هاتووە، “لە پارێزگای ئیلام سێ حاڵەت، پارێزگای کرماشان حەوت حاڵەت، سنە پێنج حاڵەت و لە ورمێ چوار حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراون”.