توێژینەوەیەکی نوێ سەلماندوویەتی ئەو کەسانەی رۆژانە شەش کاتژمێر بەدیار شاشەی مۆبایل یان کۆمپیوتەر دادەنیشن ئەگەری تووشبوونیان بە ئازاری مل بە رێژەی 88% ە.
توێژینەوەکە لەلایەن کۆمەڵێک زانای چینییەوە ئەنجامدراوە، داتاکانی 25 توێژینەوەی دیکە شیکراونەتەوە کە تێیدا 43 هەزار هاوڵاتی لە 13 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارییان کردووە و سەلماندوویەتی بەهۆی گۆڕانی ستایلی ژیان و زۆر مانەوە بەدیار شاشەکان و لەناو ئۆفیسەکانی کارکردن رۆژ بەرۆژ حاڵەتەکانی ئازاری مل بەرەو بەرزتربوونەوە دەبەن.
توێژەران دەڵێن، دانیشتن بەدیار مۆبایلەوە مەترسی ئازاری مل بەهۆی مۆبایلەوە بە رێژەی %82ە، بەهۆی کۆمپیوتەرەوە 23% هێشتا دانیشتن بە دیار تەلەفزیۆنیشەوە مەترسی خۆی دروستدەکات.
دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی کەمبوونەوە چوونی خوێن بۆ مل، لاوازبوونی ماسولکەکانی مل، زیادبوونی فشار لەسەر بڕبڕەی پشت و کێشە لە جووڵەی جومگەکان دروستدەکات.
بە وتەی توێژەران، باری دانیشتنیش کاریگەریی خۆی جێدەهێڵێت بە شێوەیەک ئەگەر بە شێوەیەکی هەڵە دابنیشیت مەترسییەکان زیاتردەکەن.
توێژەران پێشنیاردەکەن بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی حاڵەتەکە، جوڵەی جەستە زیاتربکرێت و کاتەکانی دانیشتن کەمبکرێنەوە.