تەندروستیی جیهانی: ژمارەی تووشبووانی ئاوڵەی مەیموون سێ هێندە زیادیکردووە

هانز کلۆگ سەرۆکی لقی ئەوروپای ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرایکرد، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ژمارەی تووشبووانی ئاوڵەی مەیموون سێ هێندە زیادیانکردووە، هەروەها نیشانەکانی جیاوازییان هەیە لەگەڵ ئەو نەخۆشییە کە سەرەتا لە ئەفریقا بڵاوبووەتەوە.

هانز کلۆگ ڕایگەیاند، پێویستمان بە بەدواداچوون و هەوڵی زیاترە سەبارەت بە بڕیارەکەی هەفتەی ڕابردووی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی سەبارەت بەوەی ئاوڵەی مەیموون نەگەیشتووەتە ئاستێک “دۆخی لەناکاوی تەندروستیی جیهانی” بۆ ڕابگەیەنرێت.

کلۆگ دەڵێت، کاری هاوبەش و هەماهەنگیی گشتی دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ وەستاندنی بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی نەخۆشییەکە.

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوە و چاودێریکردنی نەخۆشییەکان (CDC)، تائێستا لە جیهاندا زیاتر لە پێنج هەزار تووشبووی ئاوڵەی مەیموون هەن کە لە 51 وڵات تۆمارکراون.

بەرپرسەکەی تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بەوەکردووە، نزیکەی 90%ی ئەوانەی تووشی نەخۆشییەکە بوون لە وڵاتانی ئەوروپان، هەروەها 99%یان پیاوانن و ئەوانەن کە سێکسیان لەگەڵ هاوڕەگەزەکانیان کردووە.

زانایان پێیانوایە منداڵان و ژنانی دووگیان بەهۆی لاوازیی بەرگرییانەوە زۆرترین مەترسیی گواستنەوەی نەخۆشییەکە و تووشبوونیان لەسەرە.

بەپێی داتاکان ئەمریکا زۆرترین ژمارەی تووشبووانی ئاوڵەی مەیموونی تێدا تۆمارکراوە، کۆمپانیای (باڤاریین نۆردیک) کە تاکە کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ڤاکسینی دژە ئاوڵەی مەیموونە ڕایگەیاندووە، لەسەر داوای ئەمریکا 500 هەزار ژەمە ڤاکینیان گەیاندووەتە ئەو وڵاتە.

بابەتی پێشتر

شەپۆلی ڕادیۆی 97.1 لە سلێمانی بانگەشە بۆ مەسیحییەت ناكات

بابەتی دواتر

ئینتەرمیلان چوار یاریزانی نوێی كڕی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share