سندوقی نەخت: عێراق داوای هاوكاریی بەپەلەی كردووە

داوای 6 ملیار دۆلاری كردووە

سندوقی نەختی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت، داواكارییەكی هاوكاریی بەپەلەی لە عێراقەوە پێگەیشتووە.

سندوقەكە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارێتیی عێراق داوای هاوكاریی بەپەلەی كردووە بەپێی ڕێوشوێنی پارەداركردنی خێرا و درێژمەودا، بەمەبەستی پشتیوانیكردنی چاكسازییە ئابورییە پلان بۆ داڕێژراوەكان.

ئەوەشی ڕونكردوەتەوە، “وتوێژەكان بەردەوامە دەربارەی داواكاری دەسەڵاتەكان تایبەت بە هاوكاریی بەپەلە”.

دوێنێ عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق ئاشكرایكرد، “تەنها بە پەسەندكردنی بودجەی عێراق و پلانی خەرجییەكان لەلایەن پەرلەمانەوە، عێراق دەتوانێت داوابكات قەرزێكی 2 ملیار دۆلار بەشێوەی پارەداركردنی خێرا لە سندوقی نەختی نێودەوڵەتی وەربگرێت، وەك یارمەتیدانی ئەو وڵاتانەی بە دەست كۆرۆناوە دەناڵێنن”.

ئەوەشی وت، “هەروەها بەغداد دەتوانێت داوای قەرزێكی دیكەی 4 ملیار دۆلاریش بكات لە سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی وەك بەرنامەی چاكسازیی حكومی”.

وەزیرە عێراقییەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، “ئەو قەرزانە بەشێكی بچوك لە كورتهێنان پڕدەكاتەوە، بەڵام وادەكات عێراق یەدەگە بیانییەكانی كەمتر خەرج بكات”.

ئەوەش لەكاتێكدایە، حكومەتی عێراق ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 25 ملیار دۆلاری لە بانكی ناوەندیی عێراق قەرزكردووە بۆ پێدانی موچە و پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی دیكەی دارایی.

عێراق كە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنی نەوتە لەنێو وڵاتانی ئۆپیك، لە بودجەی 2021یدا كە پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە زیاتر لە 49 ملیار دۆلار كورتهێنانی هەیە، دەیەوێت بە قەرزی دەرەكی ئابوریی وڵاتەكەی هەستێنێتەوە.

س: ڕۆیتەرز

بابەتی پێشتر

ئەتلەتیکۆ مەدرید 3-1 ڤالێنسیا

بابەتی دواتر

نرخی نەوت جارێکی دیکە دابەزی لەبەر ترس لە قەدەغەی هاتوچۆ بەهۆی کۆرۆناوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
24
Share