وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەندراوێکی لەبارەی بڵاوبوونەوەی هەواڵی پێدانی موچەی هێزەکانی پێشمەرگە بەبێ لێبڕین بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “پاش راوێژ و گفتۆگۆی راوێژکارانی باڵای هاوپەیمانان لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە، دوای رەزامەندی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاردرا ئەو بڕە هاوکارییەی کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دابیندەکرا راستەوخۆ بخرێتە سەر ژمارە حیسابی وەزارەتی پێشمەرگە.”
ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە “بڕیاردراوە بڕی هاوکارییەکە وەک خۆی بەبێ دەستکاریکردن بدرێت بە لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.”
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، “ئەو بڕیارە دوای ئاڕاستەی دروستی هەنگاوەکانی چاکسازی دێت لە وەزارەتی پێشمەرگە، کە بە هاوکاریی هاوپەیمانان بەردەوامیی هەیە بۆ دروستکردنی هێزێکی سەربازیی سەردەمییانە.”
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەكە، “هەوڵەکانی حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگە چڕترکراونەتەوە، بۆ ئەوەی قەبارەی هاوکارییەکان باشتر و فراونتر بکرێت و لە هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆسەی رێکخستنەوە و یەکخستنەوەدا سەرجەم هێزەکان بگرێتەوە.”
ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە دوای ئەوە دێت كە ئەمڕۆ باس لەوە دەكرا كە لەمەودوا موچەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەبێ لێبڕین دابەشدەكرێت.