بەڕێوبەری دۆرتمۆند گڵۆپی سووری بۆ ڕاهێنەر و یاریزانان داگیرساند

مایکڵ زۆرک، بەڕێوبەری دۆرتمۆند هۆشداری بە ستافی ڕاهێنان و یاریزانانی یانەکە دەدات

ئیدارەی یانەی بوروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی لە ئاست و ئەنجامەکانی ئەم وەرزە ڕازی نین، بەم هۆیەوە بەڕێوبەری وەرزشیی یانەکە زەنگی ئاگادارکردنەوەی بۆ ڕاهێنەر و ستافی یاریزانان لێدا.

بەر لە ڕوبەڕوبوونەوەی گلادباخ، مارکۆ ڕۆیس کاپیتانۆی ڤیستیڤالین بە میدیاکانی ڕاگەیاند، ” ئەگەر نەتوانین بۆ سێیەم یاری لەسەریەک سەرکەوتووبین، بێگومان پەیوەندی بە پێگە ئەوروپیەکان لەدەستدەدەین”.

لە دوای یەکسانبوون بەرانبەر ماینز (1-1)، دۆڕاندن بەرانبەر بایەرلیڤەرکوزن (2-1)، یانە زەردە زەبەلاحەکە بەرانبەر مونشنگلادباخ بە ئەنجامی (4-2) دووەم دۆڕاندنی لەسەریەکی تۆمارکرد.

لە ڕیزبەندی یانەکانی بوندس لیگا، دۆرتمۆند کەوتووەتە پلەی حەوتەمەوە و یانەکانی ڤۆلفسبۆرگ و ئینتراخت فرانکفۆرت پێشیان کەوتوون و گەڕانەوەی بەهێز تۆمارنەکەن، لە کۆتایی وەرزدا چانسی بەشداریکردن لە خولی یانە پاڵەوانەکانی وەرزی 2021/2022 لەدەستدەدەن.

زۆرک هۆشداری دەدات

بەڕێوبەری وەرزشیی یانە، مایکڵ زۆرک هۆشداری بە پێکهاتەکەی دەدات و دەڵێت، ” پێگە بەشدارەکانی چامپیەنزلیگ هەموو وەرز و کاتێک پێشەنگی ئامانجەکانمان بووە، پێویستە ئەم ئامانجە لەپێش هەموو شتێکەوە بێت، حاڵی حازر دوای سێ یاری پێگەکەمان لەدەستداوە و پێویستمان بە هەستانەوەیەکی بەهێزە، ئەگەرنا ڕووبەڕوی ڕەخنەی توند دەبینەوە، بۆیە ناچارین بەهەموو توانامانەوە هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجەکان بدەین”.

ڕاهێنەری نوێ

ئیدین تێرزیچی کرواتی – ئەڵمانی، لەم وەرزەدا لە دوای جولیان فاڤری پۆستی ڕاهێنەری یانەی وەرگرتووە، لە حەوت یارییدا تەنها 10 خاڵی بەدەستهێناوە (3-1-3)، نێوەندی ڕێژەی بردنەوەکانی بۆ هەر یارییەک 1.4، بەرانبەر 1.7 لە سەردەمی جولیان فاڤری.

سەرەڕای ئەم داتا و ژمارانە، هێشتا ئیدارەی ڤیستیڤالین لە ئاستی ڕاهێنەرەکە ڕازین و زۆرک دەڵێت، “ترێزیچ چەندین بابەتی گرنگی بەرەوپێش بردووە، تاوەکو کۆتایی لەگەڵیدا بەردەوامدەبین”.

زیانەکان

کێشەی گەورەی بەرێوبەرانی دۆرتمۆند لەم وەرزەدا شکستهێنانە لە گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ.

لە ئەگەری لەدەستدانی پێگەکەیاندا، زیانی 30 ملیۆن یورۆیان بەردەکەوێت، جگە لەوەی لەگەڵ هەر بردنەوە و ئەنجامێکی باشدا لە خولەکەدا پارەی دیکە بەدەستدەهێنن هاوشانی پەخشە تەلەفزیۆنیەکان.

ئەم زیانانەش ئەگەر ڕووبدەن لەگەڵ زیانەکانی قەیرانی کۆرۆنا و ئامادەنەبوونی هاندەران لەناو یاریگاکان یەکدەگرێتەوە، کە بە 75 ملیۆن یورۆ خەمڵێنراوە، ئەوەش ناچاریان دەکات هاوینی 2021 دەستبەرداری زۆرینەی ئەستێرەکانیانبن بۆ هاوتاکردنەوەی دۆخە داراییەکان.

بابەتی پێشتر

تەلەفزیۆنی ئێران ڕۆحانی بە كێشانی مادەی هۆشبەر تۆمەتباردەكات

بابەتی دواتر

وەزارەتی پلاندانانی عێراق: تێکڕای هەڵاوسان لە مانگی کانونی یەکەمدا بەڕێژەی %4 بەرزبووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share