قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت، لەگەڵ وەزیری وزەی یۆنان کۆبووەتەوە و ئامادەییان دەربڕیوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی تانجەڕۆ.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە هەژماری فەیسبوکی خۆی بڵاویکردەوە، “لەگەڵ بەڕێز ستاڤرۆس پاپاستاڤرو، وەزیری وزەی یۆنان باسی وزەی نوێبووەوە و کاریگەریی نەرێنیی گۆڕانی کەشوهەوامان لەسەر کوردستان کرد، بەڵێنیدا هانی پسپۆڕان و کۆمپانیا تایبەتمەندەکانی خۆیان بدات هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن بۆ کارکردن لە بواری وزەی نوێبووەوەدا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “هەروەها باسمان لە چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەی خۆڵ و خاشاک و پاشماوەکان و بە تایبەتیش کێشەی تانجەڕۆمان کرد”.
قوباد تاڵەبانی ئەوەشیخستەڕوو، “حکومەتی یۆنان کە لە پێنج ساڵی رابردوودا توانیویەتی بە شێوەیەکی زانستی کێشەی پاشماوەکان چارەسەربکات، لەمبارەیشەوە ئامادەییان دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی تانجەڕۆ لەڕووی پسپۆڕییەوە هاوکاریی هەرێم بکەن”.