مەزڵوم عەبدی پەیامێک بڵاودەکاتەوە

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات پەیامێکی لەبارەی پێکهێنانی وەفدی یەکگرتووی کورد، بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەی مەزڵوم عەبدی-دا هاتووە، “پێکهێنانی وەفدی یەکگرتووی کورد لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئازاردا دەبێت، کە تێیدا چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد بە دەستوور، لە سووریایەکی یەکگرتوودا دووپاتدەکاتەوە”.

ئەوەش هاتووە، “ئێمە پێمان وایە داننان بە مافی هەموو پێکهاتەکان، بناغەی بنیاتنانی سووریایەکی دیموکراس و دادپەروەرە کە هەمووان بتوانن بەشداریی تێدابکەن”.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژە بەوەشدەکات، “هەردوو وەفدەکە (وەفدی نوێنەرایەتیی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و، وەفدی یەکگرتووی کورد)، پرۆسەیەکی یەکگرتوو پێکدەهێنن، کە پابەندمان دەکات بە گفتوگۆی نیشتمانی، وەک بژاردەیەکی ستراتیژی بەرەو ئایندەیەک کە بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی بەرجەستەدەکات”.

رۆژی 10ـی ئازاری ئەمساڵ، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبوونەوە و چەند رێککەوتنێکیان واژووکرد.

رۆژی 1ـی حوزەیران لە دیمەشق، وەفدەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا، بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتننامەکە کۆبوونەوە و بڕیارە بەمنزیکانەش، کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجامبدەن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share