پارتی: لەسەر سەردانی شاندی سیاسیی هەرێم بۆ بەغداد یەکێتی و گۆڕانیش ڕاوێژیان بە بارزانی کردووە

بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر سەردانی شاندێکی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد ڕایگەیاند، کۆی وردەکاری و ئامانجی سەردانەکە بە ئاگاداری مەسعود بارزانی بووە و نەک هەر پارتی بەڵکو یەکێتی و گۆڕانیش ڕاوێژیان لەگەڵ کردووە.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، عەلی حسێن، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی، “سەردانی شاندی سیاسیی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە بچنە بەغداد بۆ پاڵپشتی کردنی شاندە حکومییەکە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکانی هەرێم و عێراقە سەرەڕای هەوڵ و گفتوگۆکانیان کە پەیوەستدەبێت بۆ ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغداد”.

عەلی حسێن ڕایگەیاند، “شاندەکە لەسەر ئاستی باڵا دەبێت و سەرەتا لە کۆبوونەوەی لایەنەکان پێشنیاری چوونی شاندێکی سیاسیی کراوە بۆ بەغداد دواتر پارتی دیموکراتی کوردستان گفتوگۆی لەگەڵ یەکێتی و گۆران و لایەنەکانی دیکەش کرد بۆ چوونی ئەو شاندە و بڕیاردرا کە لەسەر ئاستی باڵا شاندێکی سیاسی ڕەوانەی بەغداد بکرێت”.

بەپێی وتەی ئەو بەرپرسەی پارتی، کۆی وردەکاریی سەردانی شاندی لایەنەکان بۆ بەغداد و گفتوگۆکانیان و ئامانجی سەردانەکە بە ڕاوێژ لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و وتی، “وەک سەرکردەیەکی دێرینی کورد نەک هەر پارتی بەڵکو یەکێتی و گۆرانیش بۆ ئەو سەردانە ڕاوێژیان بە سەرۆک بارزانی کردووە”.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی وتیشی، “شاندەکە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و ئەو کەسایەتیی و لایەنانەی پێگەیان هەیە لە عێراقدا گفتوگۆ دەکەن پەیوەست بە ڕێککەوتنی هەرێم و بەغداد و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان”.

باسیلەوەکرد کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ گفتوگۆدایە و بژاردەی دیکەش نییە جگە لە گفتوگۆ چونکە ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ ناوەند بە دانوستان بگەینە چارەسەر، وەک چۆن دەمانەوێت لەسەر ئاستی ناوخۆیی، نێودەوڵەتی و بە شەقامی کوردیشی نیشانبدەین کە هەرێمی کوردستان چەند هەنگاوی ناوە و ئامادەیی نیشانداوە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد.

ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەگەر هەرێمی کوردستان بە هەموولایەکی نیشان بدات کە نیەتی ڕێککەوتنە و لەوبارەیەوە هەنگاوی پێویست دەنێت ئەوکاتە لە حەڵەتی گەیشتن بە ڕێککەوتن و ڕێکنەکەوتنیش بە سودی هەرێمی کوردستان دەشکێتەوە چونکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی شاهیدی هەنگاوەکانی هەرێم دەبن.

ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغداد دەکات و بڕیاریش شاندێکی باڵای سیاسی بچنە بەغداد کە نێچیرڤان بارزانی وەک جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرۆکایەتیی دەکات.

بابەتی پێشتر

نرخی دۆلار جێگیرە

بابەتی دواتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ، یەکشەممە بەکاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share