ئەمڕۆ 9ى نیسان، 22 ساڵ بەسەر رووخانى رژێمى بەعس لەلایەن هاوپەیمانان تێدەپەڕێت، رۆژەکە لە یادەوەریی خەڵکى عێراق و هەرێمى کوردستاندا وەک رۆژێکى مێژوویى یادى دەکرێتەوە و بەهۆیەوە لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بە پشووى رەسمى دیاریکراوە.
شەڕى رووخانى رژێم یان ئەوەى ناونرابوو “پرۆسەى ئازادیی عێراق” کاتژمێر 5:30 خولەكی بەرەبەیانی 20ی ئازاری 2003 دەستیپێکرد کاتێک ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى یەکەم گورزی ئاسمانیان لە عێراق وەشاند و، دواى تێپەڕبوونى 20 رۆژ لە 9ى نیسانى هەمان ساڵ بە کۆنتڕۆڵکردنى بەغداد و خستنى پەیکەرى سەدام حسێن لەو شارە سەرکەوتنى راگەیەندرا.
لە شەڕەکانى ئەو ماوەیەدا هێزەکانى پێشمەرگە بە پاڵپشتیی هێزەکانى هاوپەیمانان کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانیان لە هێزەکانى رژێم پاککردەوە.
لە سەردەمى سەدام حسێن-دا عێراق بە جەنگ و بە سەربازگە کردن و گەمارۆ و ئاوارەبوون و کوشتنى بەکۆمەڵدا تێپەڕى، بەتایبەت ئەو جەنگ و شەڕانەى زیانى گەورەى گیانى و ماددى بە گەلانى عێراق و خاکەکەى گەیاند.
دیارترین تاوانەکانى رژێمى بەعس:
– شاڵاوى ئەنفال دژ بە کورد لە ساڵانى (1986-1988).
– کیمیابارانى شارى هەڵەبجە و شەهیدکردنى نزیکەى پێنج هەزار هاوڵاتى.
– بە ئامانجگرتنى کوردانى فەیلى، کوشتن و بێسەروشوێنکردنى نزیکەى 20 هەزار کوردى فەیلى.
– سەرکوتکردنى راپەڕینى گەلانى باشوور لە ئازارى 1990.
– لەسێدارەدانى بەکۆمەڵ لە بەندینخانەکانى ئەبوغرێب و نوگرەسەلمان.
– کوشتن و بێسەروشوێنکردنى خەباتکار و تێکۆشەرانى کورد و عەرەب.
– تێوەگلاندنى عێراق لە شەڕ بەرامبەر وڵاتانى ئێران و کوەیت.
– کوشتن و لەناوبردنى هاوڵاتییانى مەدەنى و بێتاوان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا.
– هەوڵەکانى گۆڕینى دیمۆگرافیا و ئاوارەکردن و کۆچپێکردنى ناچارانە.
دەستگیركردن و لەسێدارەدانی سەدام
بەر لەوەی زۆرینەی ناوچەكانی عێراق بكەوێتەدەست خەڵك و هێزەكانی ئەمریكا سەدام و دارودەستەكەی ڕوویان لە ناوچەكانی دەرەوەی بەغداد كرد و خۆیان حەشاردا. بۆ دۆزینەوەی سەدام و كەسە پلەیەكەكانی رژێمەكەی، ئەمریكا خەڵاتی دەیان ملیۆن دۆلاری تەرخانكرد.
لە ڕۆژی 12ی كانونی یەكەمی هەمان ساڵ دوای ئەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنیندا لە ناوچەی (كەڕادە)ی شاری بەغداد توانیان كەسێك بەناوی (محەمەد ئیبراهیم ئەلسمەت) دەستگیربكەن كە پێشتر پلەی (عەقید)ی هەبوو لە سوپای عیراقدا، دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا ناوبراو شوێنی خۆحەشاردانی (سەدام حسێن)ی بۆ هێزەكانی ئەمریكا دركاند و ئێوارەی هەمان ڕۆژ هێزێكی تایبەتی مارێنزی ئەمریكا بە پاڵپشتیی فڕۆكە جەنگییەكان بەرەو ئەو ناوچەیە بەڕێكەوتن، دوای پشكنین و گەڕانێكی ورد لە ناوچەكەدا بەرەبەیانی رۆژی 13ی كانونی یەكەم توانییان لە چاڵێكی تەنگدا سەدام دەستگیربكەن.
دواتر لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەركرا و لە یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا لە 30-12-2006 سەدام لەسێدارەدرا.