هۆشدارى لەبارەى گرژبوونى ماسولکە لە شەواندا دەدرێت

پزیشکێکى پسپۆر دەڵێت، دووبارەبوونەوەى گرژبوونى ماسولکە لە شەواندا رەنگە یەکێک لە نیشانە پێشوەختەکانى تێکچوونى دەمارەکان، دڕکەپەتک یان مێشک بێت.

دکتۆر نایرا کۆربانۆڤا، پزیشکى پسپۆڕى دەمار رایگەیاند، گرژبوونەکە کە لە ماسولکەدا روودەدات بێزارکەر و زۆرجاریش بەئازارە، زۆرجار لە ماسولکەى قاچدا روودەدات، هەندێک کاتى کەمیش لە ماسولکەى ران و بنى پێدا دەبێت، دەشێت هۆکارى جۆراوجۆرى هەبێت وەک، وشکبوونەوە، چالاکیی جەستەیى زۆر، دابەزینى پلەى گەرمیی لەش، بەرزبوونەوەى پلەى گەرمى، زیادەڕەوى لە بەکارهێنانى خوێ و تێکچوونى هاوسەنگیی لەش.

دەشڵێت، “چەندبارەبوونەوەى گرژبوونى شەوانە، نیشانەیەکى پێشوەختى تێکچوونى دەمارى پەلەکان، دڕکەپەتک و مێشک-ە. هەروەک دەشێت لەگەڵ نەخۆشییەکانى غودەى دەرەقى (گرێ رژێن)، گرفت لە جگەر و گورچیلە، گرژبوونى خوێنە دەمارەکان لە دڵ و شاخوێنبەردا رووبدات”.

لە هەندێک دۆخدا گرژبوونەکە بەهۆى خواردنى هەندێک دەرمان و لە هەندێک دۆخى دەگمەنیشدا بەهۆکارى بۆماوەیى دروستدەبێت، ئەو پسپۆڕە وا دەڵێت.

هۆشداریشدەدات لە پشتگوێخستنى ئەم نیشانانە و رێنوێنى دەکات بە راوێژ لەگەڵ پزیشکى پسپۆڕ بۆ دەستنیشانکردنى هۆکارە سەرەکییەکەى، چونکە گرژبوونەکە زۆرکات نیشانەیە بۆ نەخۆشیی مەترسیدار.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share