ترەمپ وەستانی تیکتۆکی دواخستت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمانێک، وەستانی تیکتۆکی بۆ ماوەی 75 رۆژی دیکە لە وڵاتەکەیدا دواخست.

لە بەیاننامەیەکدا ترەمپ دوپاتیکردەوە، ئیدارەکەی هەوڵی زۆری داوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک کە تیکتۆک لە وڵاتەکەدا بە چالاکی بهێڵێتەوە و ئەمەش پێویستی بە کارکردنی زیاتر هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمە پێشکەوتنی گەورەمان بەدەستهێناوە لە هێشتنەوەی تیکتۆک لە ئەمریکا و ئامانجی سەرەکیشمان، رێگریکردنە لە وەستانی بەرنامەکە”.

هاوکات خواستی خۆیشی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی بەرنامەکە و ئیدارەی چین، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە خزمەت بە هەموو لایەک بکات.

ئەم پێشهاتە دوای چەند مانگێک لە گرژی و ئاڵۆزیی نێوان واشنتن و پەکین دێت، لەسەر ئایندەی بەرنامەی تیکتۆک، کە یەکێکە لە دیارترین بەرنامەی تۆڕی کۆمەڵایەتی لە جیهاندا.

لەئێستادا تیکتۆک؛ کە کۆمپانیایەکی چینییە، کەوتووەتە ژێر فشاری ئەمنی و سیاسییەوە، بەهۆی نیگەرانییەکان لەوەی کە رەنگە داتای بەکارهێنەرانی ئەمریکا بۆ مەبەستی سیخوڕی یان سیاسی، لەلایەن چینەوە بەکاربهێنرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share