راهێنانەکانى جومباز بۆ چارەسەرى لاوازیی ئێسک لە ناوچەى ملدا ژمارەى پێوانەیى لە رووى ئاستى جەماوەرى لە هێڵەکانى ئینتەرنێتدا شکاندووە، سەرەڕاى ئەوەى رەنگە لێکەوتەى مەترسیدارى هەبێت.
بۆ چارەسەرى ئەو گرفتانەى پەیوەست بە ئازارى مل و جومگەکان پزیشکان چەند رێنوێنییەکیان هەیە.
دکتۆر ناسان داڤیدۆڤ پزیشکى پسپۆرى دەمار دەڵێت، زۆرجار ئەو نەخۆشانەى گرفتارى لاوازیى ئێسک یان ئێسکە نەرمەن بەدەست “ئازارى زۆرى مل”ەوە دەناڵێنن و، جوڵەى شان و باڵەکانیشیان کەم دەبێتەوە.
دەشڵێت، لەزۆرێک لە دۆخەکاندا هەوکردن لە دەوروبەرى جومگەکان و شاندا کۆدەبێتەوە، کە دەبێتە هۆى تووشبوون بە گرفت لە خوێنهێنەرى بڕبڕەى پشت و تێکچوونى رۆیشتنى خوێن بۆ مێشک، لێکەوتەکەشى بریتییە لە سەرگێژخواردن، دروستبوونى دەنگ لە گوێدا، لاوازیى بینین و تێکچوونى هاوسەنگى.
هۆکارى سەرەکیی زیادبوونى نەخۆشیی ئێسکە نەرمە شێوازێکى ژیانى نەگۆڕ و، جوڵەنەکردن و مانەوەیە لە دۆخێکدا بۆ ماوەیەکى درێژ، وەک کاتى کارکردن لەسەر کۆمپیوتەر یان گەشتکردنى درێژ بە ئۆتۆمبێل. هەموو ئەمانە قورسایى لەسەر مل و بەشى خوارەوە پشت دروستدەکەن و، نەخۆشییەکانى بڕبڕەى پشتى لێدەکەوێتەوە، ئەو پزیشکە وادەڵێت.
ئەوەشى خستەڕوو، خواردنى ڤیتامین دى زۆر پێویستە بۆ چارەسەرى ئەو گرفتە لەگەڵ بەکارهێنانى پارێزەرى ئێسک کە پاڵپشتیی بە تەندروست هێشتنەوەى دەکات، سەرەڕاى ئەوەى پێویستە ئەوە بزانرێت کە دەرمان چارەسەر ئەفسوناوییەکە نییە، بەڵکو پێویستە راهێنانى وەرزشى و مەلەکردن بکرێتە رۆتینى بەردەوام.
لاى خۆیەوە دکتۆر قستەنتین ماخینۆف دەڵێت، درێژەکێشانى نەخۆشیی ئێسکە نەرمە کاریگەرى لەسەر بەشە جیاوازەکانى دیکەى جەستە دەبێت، وەک سک و لە نیشانەکانى دیکەیشى بریتییە لە بەرزبوونەوەى پلەى گەرمیی جەستە.
بۆیە ئەو پزیشکە رێنوێنى دەکات بە خواردنى خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە کالسیۆم وەک بەرهەمە شیرەمەنییەکان و، تەواوکاریی خۆراک وەک ڤیتامین دى و خۆدانە بەر خۆر لە کاتەکانى بەیانیان و ئەنجامدانى راهێنانى وەرزشى رۆژانە بەپێى پێویست.