بەڕێوەبەری دەزگای فیدراڵیی پزیشکیی بایۆلۆجی لە وەزارەتی تەندروستیی روسیا رایدەگەیەنێت، ڤاکسینی شێرپەنجە کە وەرەمەکان بە رێژەی 80% کەمدەکاتەوە، ئامادەیە بۆ بەکارهێنان.
ڤێرۆنیکا سکڤۆرتسۆڤا، بەڕێوەبەری دەزگای فیدراڵیی پزیشکیی بایۆلۆجی لە وەزارەتی تەندروستیی روسیا، کە وەزیری پێشووی تەندروستیی وڵاتەکەشە، رایگەیاند، تاقیکردنەوە کلینیکییە سەرەتاییەکانی ئەم ڤاکسینە نوێیە، لە رووی سەلامەتیی بەکارهێنان و کاریگەریی ئەرێنییەوە، سەرکەوتوو بوون.
وتیشی، ماوەی سێ ساڵە، کار لەسەر ئەم ڤاکسینە دەکرێت و ئەنجامەکان دەریانخستووە، کە بە تەواوی سەلامەتە و کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر رێگریکردن لە گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان؛ بەجۆرێک، قەبارەی وەرەمەکان و رێژەی گەشەکردنیان بە رێژەی 60-80% کەمدەکاتەوە.
سکڤۆرتسۆڤا دەشڵێت، “ئەوەی ئەم ڤاکسینەی ناوازە کردووە، ئەو توانایەیەتی لە دروستکردنی کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر سیستمی بەرگریی لەش و یارمەتیدانی جەستە بۆ ناسینەوە و بەرەنگاربوونەوەی خانە شێرپەنجەییەکان”.