“داعش” بەرپرسیاریەتیی خۆی لە تەقینەوەكانی ڕۆژی پێنجشەممەی بەغداد ڕاگەیاند، كە بەهۆیانەوە دەیان كەس بوونە قوربانی.
“ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش” لە ڕاگەیەندراوێكدا كە لە بەشێكی میدیاكانی سەربە خۆییەوە بڵاویكردووەتەوە ڕایگەیاندووە، یەكێك لە ئەندامەكانی بەناوی “یوسف ئەنساری” بە پشتوێنێكی بۆمبڕێژكراوەوە لە گۆڕەپانی تەیەرانی بەغداد خۆی تەقاندووەتەوە.
ڕێكخراوەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، “پاش كۆبوونەوەی خەڵك بەهۆی تەقینەوەی یەكەمەوە، تەقینەوەی دووەمیش بە هەمان شێواز بەدوایدا ئەنجامدراوە لەلایەن یەكێكی دیكە لە ئەندامەكانی داعش بە ناوی محەمەد عارف مهاجر”.
دوێنێ پێنجشەممە 21ی كانونی دووەم، لە گۆڕەپانی تەیەران لە بەغداد دوو تەقینەوەی یەك بەدوای یەك ڕویان دا، بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق بەهۆی ئەو تەقینەوانەوە 32 كەس كوژران و 110ی دیكەش بریندار بوون.