(ڤیدیۆ) بەرشلۆنە بە تایمی زیادکراو کۆرنیای بڕی و گەیشتە 16ی کۆپا

بەرشلۆنە بە زەحمەت قۆناغی 32ی بڕی و گەیشتە قۆناغی 16ی جامی شای ئیسپانیا

ئەمشەو، پێنجشەممە یانەی بەرشلۆنە یاری گەڕی 32ی جامی شای ئیسپانیای بەرانبەر کۆرنیا ئەنجامدا و بە زەحمەت بردنەوەی تۆمارکرد.

بەرشلۆنە بووە میوانی کۆرنیا، یاری نێوانیان بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات و کەتەلۆنیەکان لە کاتە زیادکراوەکاندا بە دوو گۆڵی بێوەڵام ئەنجامەکەیان یەکلاییکردەوە.

گۆڵەکانی ئازولگرانا لە خولەکەکانی 92 و 121 لەلایەن عوسمان دیمبیلی و مارتن برەزیوایتەوە تۆمارکران.

سەرەڕای ئەوەی لە 90 خولەکی یاسایی یارییەکەدا ئەستێرەکانی بەرشلۆنە هەوڵی بێوچانیاندا، بەڵام لە تۆمارکردنی گۆڵدا بەخت یاوەریان نەبوو.

لە تایمی یەکەم خولەکی 39 میرالیم پیانیچ پەناڵتیەکی لەدەستدا، لە تایمی دووەمیشدا لە خولەکی 79 عوسمان دیمبیلی بەهەمان شێوە پەناڵتیەکی دیکەی لەدەستدا و یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، بۆیە بە ناچارییەوە پەنا بۆ کاتی زیادکراو برا و بە خێرایی دیمبیلی گۆڵی قەرەبووکەرەوەی پەناڵتیەکەی تۆمارکرد، دواتریش لە کۆتا ساتدا برەیزوایت ئەنجامەکەی بۆ دوو گۆڵی بێبەرانبەر فراوانکرد و یارییەکەش هەر بەو ئەنجامە (0-2) کۆتاییهات.

بەپێی ئەنجامە تۆمارکراوەکە، بەرشلۆنە قۆناغی 32ی جامی شای ئیسپانیای بڕی و کورسیەکی قۆناغی 16ی مسۆگەرکرد.

بابەتی پێشتر

ئیبار 1-2 ئەتلەتیکۆ مەدرید

بابەتی دواتر

"داعش" بەرپرسیاریەتیی خۆی لە تەقینەوەكانی بەغداد ئاشكراكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share