قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی ژاپۆن کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ئەکیرا ئیندۆ، باڵیۆزی نوێی ژاپۆن لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەبارەی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ژاپۆن و هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا گفتوگۆکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە (26/2/2025) بە ئامادەبوونی ئەراکاوا میکیهیرۆ، کونسوڵی گشتیی ژاپۆن لە هەرێم بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی ژاپۆن کرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەرکەکەیدا لە عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ژاپۆن بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. هاوکات بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە هەرێم، ماڵئاوایی لە کونسوڵی گشتیی ژاپۆن کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی داهاتوویدا.

جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی حکومەتی ژاپۆنی کرد بۆ هەموو هاوکارییەکانی لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئاوی هەڵەبجە و یارمەتیدانی مۆزەخانەی سلێمانی و گەڕاندنەوەی کۆمەڵێک شوێنەواری مێژوویی بۆ مۆزەخانەی سلێمانی.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتی ژاپۆن لە بوارە جیاوازەکاندا. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی داوایکرد حکومەتی ژاپۆن لە پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و کارسازییەوە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پۆلیسی سلێمانی: کەسێکمان دەستگیرکرد کە بە ناوی کۆمپانیای پاککەرەوە پارەی جەژنانەی لە هاوڵاتییان وەرگرتووە

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، کەسێکمان دەستگیرکرد کە بە ناوی کۆمپانیای پاککەرەوە پارەی جەژنانەی لە هاوڵاتییان وەرگرتووە. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای…
Total
0
Share