چوار هۆکار بۆ زیادبوونی شێرپەنجە لەناو گەنجاندا

هەندێک کەس پێیان وایە نەخۆشی شێرپەنجە تەنها لەناو کەسانی بەتەمەندا بەربڵاوە، بەڵام داتا نوێیەکانی کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ شێڕپەنجە ئاشکرایدەکات، ژمارەی تووشبووان لەنێوان منداڵان و گەنجاندا بە رێژەی بەرچاو روو لەبەرزبوونەوەیە.

لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ توێژینەوەیەکی نوێ لە ئەمریکا بڵاوکرایەوە کە دەریخستووە، ساڵانە 80 هەزار کەس کە تەمەنیان لەنێوان 20-39 ساڵاندایە لە ئەمریکا وەک تووشبووی شێرپەنجە دەستنیشاندەکرێن، کە پێنجەم هۆکاری مردنە لەنێوان گەنجانی ئەو تەمەنەدا.

توێژینەوەکە دەریخستووە لە نێوان ساڵانی 2013 بۆ 2021 ژمارەی تووشبوون بە شێرپەنجەی منداڵدان لەنێوان ژنانی 30-44 ساڵان رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.

تایلەر کراتزر کە یەکێکە لە نووسەرانی توێژینەوەکە دەڵێت، زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بە شێرپەنجە لەنێوان گەنجاندا پەیوەندی بە گۆڕانکارییە رەفتارییەکانەوە هەیە.
بە گشتی شارەزایانی بواری پزیشکی چوار هۆکاری سەرەکی بۆ زیادبوونی نەخۆشی شێرپەنجە لە گەنجاندا دیارییدەکەن کە ئەوانیش بریتین لە :

-سیستمی خۆراکی، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشی جەستە کە ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە.

-ژینگە، شارەزایان دەڵێن، ئەو بەرهەمانەی بەکاریدەهێنین ماددەی کیمیایی وەهایان تێدایە کە دەبنە هۆی لەکارخستنی کوێرە رژێنەکان و لەوێشەوە سەردەکێشن بۆ نەخۆشی شێرپەنجە.
-زیادبوونی حاڵەتەکانی دواخستنی دووگیانبوون لە ژناندا هۆکارێکی دیکەیە بۆ بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی شێرپەنجە.

-شێوازێکی ژیان، لە زۆرینەی کاتەکانی پێکهاتووە لە دانیشتن، بەسەربردنی کات لەبەردەم شاشەکاندا، بەشێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی زیادبوونی شێرپەنجە لەنێوان گەنجاندا.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share