پارێزگارى سلێمانى داوادەکات هەموو کەس و لایەک چاو بکەنەوە و فوو لە تروسکایی هیوا و خواستی خەڵک نەکەن و دەشڵێت، “کاتی ئەوەیە بۆ یەکجار تێبگەین؛ سەرکەوتنمان؛ لە بەیەکەوەبوونمادایە”.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانى لە نووسینێکدا دەڵێت، ئەم دۆخە دەروونییە کۆمەڵایەتییە سیاسییەی هەموو لایەنە سیاسییەکان لە کوردستاندا؛ سازیانکردووە، ئێسکە پەیکەر و بونیاتی ئینسانی کورد تێکدەشکێنێت، وزەی جوڵە و ئیرادەی هەستانەوە و خواستی گۆڕانکاریی و گیانی قبوڵکردنی یەکتر و پێکەوەکارکردن و ماکی مانەوە و مۆرکی رەسەنایەتیی و ئیرادەی بەردەوامبوون و هێزی جەسوربوون و تینی بەهێزبوون و ئومێدی گەشەکردن؛ لەبەیندەبات.
دەشڵێت، “ئەم دابەشبوونە ناسروشتییە، ئەم پەرتبوونە؛ پردەکانی نێوانمان دەڕوخێنێت و دیواری نێوانمان پانتر و بەرزتر دەکات، دوژمن بە ماڵمان خۆشدەکات و خاوەنماڵمان سەرگەردان دەکات، سەمەرە و سەودایەکی سەیرە لە عێراقی فیدراڵ، هەموو دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن، توانیان بەیەکەوە حکومەتێکی نیمچە سەرکەوتوو پێکبهێنن، لەم هەرێمەی ئێمەدا زۆربەی لایەنەکان لە دوا هەڵبژاردندا هەریەک بە جۆر و شێوە و رەنگ و سەنگێک؛ خۆیان بە براوە نمایشکرد، بەڵام بەم هەموو براوەیەوە، نەک نەیانتوانیوە حکومەتێکی نوێ پێکبهێنن، بەڵکو لە هەوڵی رووخاندنی ئەوەشدان؛ کە هەیە”.
دەخوازم هەموو کەس و لایەک چاوبکەنەوە، فوو لە تروسکایی هیواو خواستی خەڵک و پاراستنی خاک؛ نەکەن، هەڤاڵ ئەبوبەکر وا دەڵێت و داواشدەکات، “زمانیان باش هەڵسوڕێنن و ئاوەزیان بخەنەوە کار و دووربڕوانن، گیانێکی نوێ بە جەستەی شەکەتی ئەم نیشتمانەدا بکەنەوە”.
باس لەوەشدەکات، جارێ کورد بە گیانەڵاش بێت ماوە، بەسەر زیندووە، کاتی میراتبەشکردن نییە، کاتی هێزی لۆژیکە، کاتی دەستپێشخەریی و بەرەویەکچوونە، کاتی تێپەڕاندنی شکست و کەوتنەکانە، کاتی ئەوەیە بۆ یەکجار تێبگەین؛ سەرکەوتنمان؛ لە بەیەکەوەبوونمادایە. کاتی هاوخەباتییە؛ نەک تەخوین.