شارەزایەکی یاسایی رایدەگەیەنێت، “پۆستى بریکارى وەزارەت سیاسى نییە و حوکمەکانى فەرمانبەرى ئاسایى بەسەردا جێبەجێدەبێت”.
عەبدولقادر ساڵح، شارەزای یاسایی، لەبارەی وتەکانی رێباز حەملان پەیوەست بە دەستلەکارکێشانەوەکەی لەگەڵ نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی، لە نووسینێکدا دەڵێت، بەگوێرەى نووسراوێک بە ژمارە 18 رێباز حەملان، بریکارى وەزارەتى دارایى عێراق لە 2ی شوباتی 2025، داواى بەخشینى کردووە لە پۆستەکەى، بەڵام دواتر بەپێی فەرمانێکى وەزیرى دارایى بە ژمارە (786) لە 10ی ئازاری 2025، بڕیاردراوە بە دانانى بریکارى وەزارەت بە دەستلەکارهەڵگرتوو بەهۆى ئامادەنەبوونەوە.
ئەو شارەزا یاساییە دەڵێت، پۆستى بریکارى وەزارەت پۆستێکى سیاسى نییە و حوکمەکانى فەرمانبەرى ئاسایى بەسەردا جێبەجێدەبێت لەڕووى پابەندییەکان و دەوامکردنەوە، بۆیە وەزیرى دارایى لەم روانگەیەوە پەناى بردووە بۆ حوکمەکانى یاساى ژمارە 1ى ساڵى 1999 کە تیایدا دەڵێت پێویستە لەسەر فەرمانبەر لەدواى کۆتاییهاتنى ماوەى مۆڵەتەکەى دەستبەکارببێتەوە و ئەگەرهاتوو لەماوەی 10رۆژدا دەستبەکار نەبوویەوە و پاساوى بەجێى نەبوو ئەوا بەدەستلەکارهەڵگرتوو دادەنرێت.
باس لەوەشدەکات، “بابەتى بەخشین لە پۆست بەپێى یاسا حوکمەکانى رێکنەخراوە وەک بابەتى دەستلەکارکێشانەوە لەڕووى دیاریکردنى هەڵوێستى دەسەڵاتى کارگێڕى دەربارەى وەڵامدانەوەى داواکارییەکە و ئاسەوارە یاساییەکانى و ماوەى یاسایى پێشکەشکردنەکە”.
عەبدولقادر ساڵح، ئەوەش دەڵێت، “وا دەردەکەوێت کاتێک بریکارى وەزارەت داواى بەخشینەکەى پێشکەشکردووە راستەوخۆ مۆڵەتى ئاسایى وەرگرتووە ، بەڵام لەپاش تەواوبوونى مۆڵەتەکەى نەگەڕاوەتەوە سەر کارەکەی هەروەک لە فەرمانەکەى وەزیرى دارایی عێراقدا هاتووە، هەروەها پێشکەشکردنى دووبارە داواى بەخشین لەلایەن بریکارى وەزارەت لە 5ی ئازاری 2025، بە وەزیرى دارایى هیچ جەدوایەکى یاسایى نییە، چونکە بەخشینەکە لەدەسەڵاتى وەزیرى دارایى نییە، بەڵکو لە دەسەڵاتى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراقە بۆیە دەبوایە بریکارى وەزارەت چاوەڕانى وەڵامى داواکارى بەخشینەکەى بکردایە، بەڵام چاوەرێ نەکردن و دەوامنەکردنى بریکارى وەزارەت دۆخى داواکارییەکەى لە بەخشینەوە گۆڕى بۆ کۆتایى هێنان بە راژە بەپێى حوکمەکانى یاساى راژەى شارستانى هەروەک لە فەرمانەکەى وەزیرى داراییدا هاتووە”.
لە کۆتایی نووسینەکەیدا ئەو شارەزا یاساییە دەڵێت، “بەپێی حوکمەکانی مادەی 59/3 لە یاسای راژەی شارستانی بریکاری وەزارەت دەتوانێت لە ماوەی 30 رۆژدا لە رێکەوتی ئاگاداربوونی بە بڕیارەکەی وەزیر، تانە لە بڕیاری بەدەستلەکارهەڵگرتوودانانی بدات لەبەردەم دادگای دادوەری فەرمانبەران لە بەغداد، بەشێوەیەکى گشتى ئەگەر پاساوى هەنگاوەکەى بریکارى وەزارەتى دارایى بۆ بەخشین لە پۆستەکەى بابەتێکى سیاسى بووە، ئەوا داواکاری بەخشین لە پۆستەکەى رێگەی دروست نییە بۆ ئەو هەڵوێستە و بەو جۆرە گوزارشت لەو هەڵوێستە ناکرێت چونکە دەکرێت وەزیر ئەو هەنگاوە هەڵبگرێت، بەڵام بۆ بریکارى وەزارەت ئەو هەنگاوە بەو جۆرە نابێت لەبەر ئەوەى بریکارى وەزارەت سیفەتى فەرمانبەرە و سروشتى کارى وەزیفى فەرمانبەر ئەو هەڵوێستە قبووڵ ناکات و ئاسەوارى جیاوازتر دەخاتەوە وەک لەم پرسەدا روویداوە”.