وردەكاریی ڕوداوی خنكانی گەنجەكەی سیتەك بەهۆی غازی زۆپاوە

شەوی ڕابردوو لە ڕوداوێكدا گەنجێك لە یەكێك لە باخەكانی سیتەك بەهۆی غازی زۆپاوە گیانی لەدەستدا و كچێكی هاوڕێشی بارودۆخی تەندروستی تێكچوو، پۆلیس دەڵێت، “كەس سكاڵای تۆمار نەكردووە و خانەوادەی كوڕ و كچەكە یەك دەناسن”.

سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ی كانونی دووەم، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “شەوی ڕابردوو كچ و كوڕێك لە یەكێك لە باخەكانی سیتەك بەهۆی ئەوەی زۆپایەكی غازی عەمودییان داگیرساندووە تووشی حاڵەتێكی نەخوازراوبوون، بەهۆی غازی زۆپاكەوە كوڕەكە گیانی لەدەستدا و كچەكەش ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا”.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی ئاشكراكرد، “خانەوادەی كوڕ و كچەكە ئاشنای یەكن و یەكتر دەناسن، كەس سكاڵای تۆمار نەكردووە”.

سەركەوت ئەحمەد ئاماژەی بەوەشكرد، “وتە لە كچەكە وەرگیراوە و ڕوداوەكە لە ئەنجامی كەمتەرخەمی هەردوولا بووە كە نەیانزانیوە زۆپاكە بەوجۆرە غاز دەكات”.

شەوی ڕابردوو پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگەیاند، ئەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی 27 ساڵە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، شەوی سەری ساڵ لە ناوچەی گەشتیاریی مێرگەپان ڕوداوێكی هاوشێوە ڕویدا كە “پیاوێكی تەمەن 37 ساڵ و كچەكەی كە 10 ساڵان بووە، چوونەتە باخەكەیان لە ناوچەی مێرگەپان لە پارێزگای سلێمانی، لە ژووری نووستندا زۆپایەكی غازیان بەكارهێناوە بۆ خۆگەرمكردنەوە، بەڵام شەو لەكاتی خەوتندا، بەهۆی تەنگەنەفەسییەوە خنكاون.”

 

بابەتی پێشتر

چین سزای بەسەر 28 کەسایەتیی ئەمریکییدا سەپاند.. مایک پۆمپەیۆ لەناویاندایە

بابەتی دواتر

وەزارەتی کشتوکاڵ: ئەو مریشکانەی لە هەرێم مرداربوونەتەوە بەهۆی پەتای وەرزییەوە بووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share