فاتیح یەڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە بەغداد، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 21ی کانونی دووەم لەلایەن فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقەوە پێشوازی لێکرا بەهۆی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی وەک باڵیۆزی تورکیا لە بەغداد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، “لە میانی دیداری نێوان وەزیری دەرەوەی عێراق و باڵیۆزی تورکیا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە کراوە و جەخت لە زیادکردنی قەبارەی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات لە سەرجەم بوارەکاندا کراوەتەوە”.
وەزیری دەرەوەی عێراق، ستایشی فاتیح یڵدزی کردووە لە ڕۆڵ بینینی لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوولا.
فوئاد حوسێن جەختی لە گرنگی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات و کارکردنی هاوبەش کردووەتەوە کە ئاسایش و سەقامگیری بۆ تەواوی ناوچەکە و جیهان دەستەبەر بکات.