وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایدەگەیەنێت، لە ماوەی ساڵی 2024ـدا، داوای مافی پەنابەری بە ڕێژەی 34% لە وڵاتدا کەمیکردووە و دەڵێت، “ئەمە جێی خۆشحاڵیمانە”.
نانسی فێزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە بارەی دابەزینی رێژەکە رایگەیاند، “ئەمە پیشانی دەدات ئەو ڕێوشوێنانەی گرتوومانەتەبەر، سوودیان هەبووە؛ دەزگا پەیوەندیدارەکانیش بە توندی بەردەوامن لە ڕێگەگرتن لە کۆچکردنی نایاسایی”.
بەپێی چەند ئامارێکی نافەرمی، لە ساڵی 2024ـدا تەنیا 213 هەزار و 499 کەس لە ئەڵمانیا داوای مافی پەنابەرییان کردووە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2023 ژمارەکە گەیشتبووە 322 هەزار و 636 کەس. هەروەها لە مانگی یەکی ئەمساڵیش، بە ڕێژەی 37%، داوای مافی پەنابەری کەمیکردووە بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو.
ئەڵمانیا، لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردووەوە، چاودێرییەکی توندی خستووەتە سەر سنوورەکانی وڵاتەکەی، ئەمەش وایکردووە رووبەڕووی رەخنەی وڵاتانی دراوسێی ببێتەوە و دەڵێن، ئەو کارە پێشێلکردنی یاسای ئازادیی هاتوچۆیە لە نێو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.