تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیک تۆک لەلایەن کۆمپانیای بایت دانسی چینی خاوەندارێتی دەکرێت و لە دوای ساڵی 2016 ەوە لەسەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەتەوە و بەکارهێنەرێکی زۆری هەیە.
دوای ماوەیەکی کەم لە کاراکردنی ئەو ئاپە، بەکارهێنەرێکی زۆری لە جیهاندا لە خۆی کۆکردەوە بە شێوەیەک لە ئێستادا ژمارەکەی گەیشتووەتە نزیکەی دوو ملیار کەس و داهاتی کۆمپانیاکەش کە ژانگ یمیمگ خاوەندارێتی دەکات بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
ژانگ یمیمگ تەمەن 40 ساڵان، ئەندازیاری کۆمپیوتەرە هەرچەندە هەوڵیداوە ژیانی بە نهێنی بهێڵرێتەوە، هێندە زانراوە بەهۆی تیک تۆکەوە سامانەکەی بۆ 49.3 ملیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە.
بە تێپەڕبوونی چەند ساڵێک لە کارابوونی ئاپەکە، کێشەی بەشێک لە وڵاتان لەگەڵ کۆمپانیاکە دەستیپێکرد، لە دیارترینیان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا.
بەپێی نوێترین ئامار تیک تۆک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر لە 170 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە.
لە ساڵی 2020 دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا رایگەیاند، کۆمپانیای بایت دانس لە بەرژەوەندی چین سیخوڕی بەسەر زانیارییەکانی بەکارهێنەرانیەوە دەکات و هەر ئەو کاتە هۆشداریدا ئەگەر تۆڕەکە بە کۆمپانیایەکی ئەمریکی نەفرۆشرێت لە وڵاتەکەی خۆیدا دایدەخات.
ترەمپ لە ماوەی دەسەڵاتەکەیدا هەر زوو بڕیاری قەدەغەکردنی ئاپەکەی دەرکرد، بەڵام بریارەکەی لەلایەن دادگای باڵای وڵاتەکەیەوە رەتکرایەوە.
لەدوای تەواوبوونی ماوەی دەسەڵاتەکەی ترەمپ و هاتنە دەسەڵاتی بایدن کێشەی کۆمپانیا چینییەکە و ئەمریکا بەردەوام بوو بە شێوەیەک لە مانگی نیسانی رابردوو بایدن پرۆژە یاسای قەدەغەکردنی تۆڕەکەی لە وڵاتەکەی واژۆ کرد.
بەپێی یاساکە پێویست بوو لە ماوەی 165 رۆژدا کۆمپانیاکە کارەکانی لە ئەمریکا کۆتایی پێبهێنێت، بەڵام کاتەکە تەواوبوو و کۆمپانیاکە هیچ هەنگاوێکی نەنا.
جارێکی دیکە و لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بایدن و هاتنەوەی ترەمپ کێشەی تیک تۆک بووەوە مانشێتی رۆژنامەکان، ئەمەش پاش ئەوەی بایدن داوای لە دادگای باڵای وڵاتەکەی کرد بڕیاری قەدەغەکردنەکە دەربکات، بەڵام هەر دوای ئەوەی ترەمپ داوایکرد تا ئەو کاتەی دەستبەکاردەبێت بڕیارەکە دوابخات.
لە پێش دەستبەکاربوونی ترەمپ بە چەند رۆژێک دادگا دۆسیەکەی یەکلاکردەوە و بەیەکجاری تۆڕەکەی لە وڵاتەکەی کۆتاییپێهێنا.
کێشەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیک تۆک بە داخستنی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆتایی نەهاتووە، لە ئێستادا پەیوەندیکردنی بەشداربووی نوێ راگیراوە و هیچ کەس ناتوانێت ئاپەکە لە مۆبایلەکەیدا دابەزێنێت، تەنها رێگای دەربازبوونیشی لەو قەیرانە و گەڕانەوەی کڕینەوەیەتی لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکییەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا باس لە هەریەکە لە مستەر بیست و ئیلیۆن مەسک، وەک کڕیارێکی کۆمپانیاکە، ناویان هات و دواتریش کۆمپانیای مایکرۆسۆفت و چەند کۆمپانیایەکی دیکە ناویان چووە ناو لیستی ناوی ئەو لایەنانەی خواستی کڕینەوەیان هەیە.
هەر دوێنێش دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، کۆمپانیای مایکرۆسۆفت گفتوگۆکانی بۆ کڕینەوەی تیک تۆک دەستپێکردووە.
جەختیشیکردەوە، لە ماوەی 30 رۆژی دیکەدا دەگەن بە ئەنجامێک لەبارەی چارەنووسی تیک تۆکەوە.