چەند رۆژێک بەر لە ئێستا، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی هەمواركراوی جێبەجێ کرد و بەم جۆرەش تەمەنی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان لە 63 ساڵەوە کەم کرایەوە بۆ 60 ساڵ
رۆژی 20ی ئەم مانگەش، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و وەزارەتی خوێندنی باڵا نووسراویان بە هاوپێچی نووسراوەکەی ئەنجومەنی وەزیران ئاڕاستەی گشت فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتەکانیان کردووە و زۆرینەی وەزارەتەکانی دیکەش نووسراویان ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییەکان کردووە.
یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لە ساڵی 2014 دەرچووە و لە ساڵی 2019 هەموارکراوەتەوە و لە عێراق تەمەنی خانەنشینبوون کراوەتە 60 ساڵ.
بەم بڕیارە هەزاران فەرمانبەران و مامۆستا لە تەواوی سێکتەرە جیاوازەکانی حکومەت، خانەنشین دەبن ئەوەی جێگەی پرسیارە، ئایا پاداشتی خزمەتیان هاوشێوەی عێراق و 12 مووچە وەردەگرن یاخود هاوشێوەی رابردوو شەش مووچەی بنەڕەتییان پێدەدرێت؟
سەبارەت بەم بابەتە، لە نووسراوی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە کە پاڵپشت بە حوکمەکانی ماددەی 10/یەکەم لە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 2014ی هەموارکراو، بڕیارەکە دەرچووە، هەر بۆیە پێویستە ئەو فەرمانبەرانی تەمەنی یاساییان تەواو دەکەن 12 مووچەی هاوتای کۆتا مووچەیان دەبێت پێبدرێت، لە خاڵی هەشتەمی نووسراوەکەشدا بابەتەکە پشتڕاستکراوەتەوە و ئاماژە بەوەکراوە، ئەو فەرمانبەرەی رەوانەی خانەنشینی دەکرێت شایستەی هەموو ئەو مافانە دەبێت کە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (9)ی ساڵی 2014ی هەموارکراو پێی دەدات ئەگەر هاتوو مەرجە یاساییەکانی شایستەبوونی تێدا بەدیهاتبێت.
هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکان، حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق رێککەوتوون لەسەر چەند خاڵێک کە یەکێکیان ئەوەیە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی عێراق 12 مووچە وەربگرن لە جێگەی شەش مووچە.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکان تەنها لە وەزارەتی خوێندنی باڵا 1600 مامۆستا و فەرمانبەر بەر بڕیارەکە دەکەون و خانەنشین دەکرێن.
بەشێکی دیکە لەو گۆڕانکارییانەی کە کراوە لە یاسای خانەنشینی سەبارەت بە خانەنشینکردنە لەسەر داوای فەرمانبەر، هەر فەرمانبەرێک بە تەواوکردنی (45) ساڵ تەمەن و بوونی (15) ساڵ خزمەت فەرمانی خانەنشینکردنی دەرچووبێت بەر لە دەرچوونی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لە 3/7/2024، پێویستە مامەڵەی خانەنشینییەکەی رایی بکرێت.
بەڵام ئەوانەی، لە دوای رێکەوتی بڕیاری سەرەوە، حکومەکانی ماددەی (12/یەکەم) لە یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو ژمارە (19)ی ساڵی 2014ی هەموارکراو پیادە دەکرێت و پێویستە فەرمانبەرەکە تەمەنی (50) ساڵی تەواو کردبێت یان راژەی خانەنشینییەکەی لە (25) ساڵ کەمتر نەبێت.
سادق شێخ عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان دەڵێت، بە گوێرەی هەندێک داتای نارەسمی نزیکەی 25 هەزار کەس خانەنشین دەکرێت، هیوادارین پلەبەرزکردنەوە بۆ ئەو فەرمانبەرانە هەژماربکرێت لە کاتی خانەنشینکردنیاندا و هەموو بڕگەکانی جێبەجێ بکرێت کە زۆر وردەکاری تێدایە.
بە بڕوای یاساناسانیش، سەرەڕای ئەوەی پێویستبوو لەگەڵ دەرچوونی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی رێنمایی دەربکات بۆ خانەنشینکردنی ئەو فەرمانبەرانە، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دارایی هیچ روونکردنەوەیەکی بڵاونەکردووەتەوە لەسەر ئەو پرسە.