نەجمەدین محەمەد: بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە بایکۆتمان نەکردووە تا بەبڕیاری ئەوان بیشکێنین

نەجمەدین محەمەد ئەندامی دەستەی داکۆکی لە مافی مامۆستایانی ناڕازی رایگەیاند، بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە و ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاری بایکۆتمان نەداوە تا بە بڕیاری ئەوان بیشکێنین و بچینەوە هۆڵەکانی خوێندن.

نەجمەدین محەمەد بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستمان گەیشتووە ئەمڕۆ لە شاری هەولێر کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە بە بەشداری بەڕێوەبەری پەروەردەکان بەڕێوەچووە و لە کۆبوونەوەکەدا داواکراوە کە مامۆستایان کۆتایی بە بایکۆت بهێنن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە بە بڕیاری ئەوان بایکۆتمان نەکردووە تا بە بڕیاری ئەوان بیشکێنین، بۆیە لەسەر بایکۆتی خۆمان سوورین تا بە مافەکانی خۆمان دەگەین.

وتیشی، تەوتینکردن لە رێگای بانکە عێراقییەکانەوە، دابەشکردنی مووچەی مانگی 12 تەنها رێگای بایکۆت شکاندن و گەڕانەوەمانن بۆ هۆڵەکانی خوێندن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share